زانیاری لەسەر یەكەم مۆبایل كە هەرگیز پێویستی بەشەحنكردنەوە نییە

هەمەڕەنگ

11/08/2019‌ 1790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە رۆژنامەوانییە جیهانییەكان باس لەوە دەكەن، كە كۆمپانیای "شاومی" چینی، پلانی ئەوەی هەیە یەكەم مۆبایل لەجیهاندا بەرهەم بهێنێت، كە هەرگیز پێویستی بە بارگاویكردنەوە نەبێت .

پێگەی تەكنیكی "ئەندرۆید ئۆسۆرتی" ئاشكرای كردووە، كە كۆمپانیای شاومی "مافی خاوەندارییەتی" مۆبایلێكی نوێی بەدەستهێناوە، كە دەبێتە یەكەم مۆبایل لەجیهاندا پێویستی بە بارگاویكردنەوە نابێت .

پێگەكە ئاشكراشیكردووە، مۆبایلەكە چەند پلێتێكی وەرگری وزەی خۆری لەسەر دەبێت و بەهیچ جۆرێك بەكارهێنەرەكەی ناچار نابێت پەنا بۆ بارگاویكەرە كلاسیكییەكان بەرێت .

جگە لەوەی مۆبایلەكەی شاومی شاشەیەكی لەسەر دەبێت، كە وزەی كەمتر بەكاردەبات و ماوەی كاركردنی زیاتر دەكات .

هەر بەپێی زانیارییەكان مۆبایلە نوێكەی شاومی كامێراكەی نەبینراو دەبێت و لەژێر شاشەی مۆبایلەكە شاردراوەتەوە.

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكەن، كۆمپانیا چینییەكە جەختیكردووەتەوە ، بەم نزیكانە مۆبایلە ئامادە دەبێت تاوەكو لە بازارەكانی جیهان نمایش بكرێت، هەروەك بۆدی مۆبایلەكە دژە ئاوە و تەڕبوونە و هەموو پێكهاتەكانی مۆبایلەكەش دۆستی ژینگەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی