ئایا دەتوانرێت كورە‌ ئەتۆمییەكانی ئێران بە یەك گورز وێران بكرێت؟

جیهان

11/08/2019‌ 2130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ژێر ئەو ناونیشانەدا گۆڤاری (ئۆراسیا دەیلی) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش دەربارەی توانای یەك گورزی ئاسمانی و رۆكێتی بۆ وێرانكردنی كورە ئەتۆمییەكانی ئێران و مەترسییەكانی وەڵامی ئەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتەكە، پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی ئێران بووە مایەی پەرەسەندنی كێشەی ئێستای سەربازی و سیاسی لەكەنداودا. بەڵام ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەتوانن هۆكاری سەرەكی كێشەكە، پیشەسازی و دروست كردنی ئەتۆمی ئێران بە یەك گورزی ئاسمانی وێران بكەن؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سود بەخش دەبێت ئەگەر پەنا بۆ مێژووی نوێ‌و وەبیرهێنانەوە بەرین، بەوەی ئاراستەكردنی گورزێكی ئاسمانی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەكانی ئێران وەك پرسێكی نزیك و حەتمی تەماشا دەكرا لە ساڵی 2012، لەو كاتەدا، پشت بەڕۆڵی سەرەكی ئیسرائیل دەبەسترا.

لەكاتی وەشاندنی گورزەكەدا، وێستگەكانی پیتاندن لە (تەنز و فردۆ) و شوێنی چارەسەركردنی خاوی یۆرانیۆم لە ئەسفەهان گرنگترین ئامانجەكان بوون.

رۆكێتك، یان دوو لە جۆری GBU-28 بەسە بۆ وێرانكردنی رۆپۆشی سەر كورەی  تەنز، بەڵام كورەی فردۆ لەناو چیا و قووڵایی 100م لە ژێر گاشەبەردەكاندا دروست كراوە، لەبەر ئەوە، سەرجەم ئەو رۆكێتانەی ئیسرائیل هەیە لەجۆرەكانی GBU-27, GBU-28, GBU-31 ناتوانێت ئەوشوێنە وێران بكات.

وەك دەزانرێت لە ساڵی 2012، ئیسرائیل پەشیمان بووەوە لە ئاراستەكردنی گورزی سەربازی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەوەشی دژی سرەواندنەكە بوو مۆساد و هەواڵگیری ئەمریكا بوو. دەسەڵاتدارانی ئەمریكا و ئیسرائیل وەك گریمانە دەكرا، دەزانرا بەرنامەی سەربازی ئێران لەساڵی 2003ەوە وەستێنراوە، لە هەمان كاتدا هەڕەشە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە ساڵی 2012 ئامرازێكی فشار بوو بۆ ئەوەی ئێران ناچار بكات رەزامەند بێت لەسەر مامەڵەو گرێبەستی ئەتۆمی لە ساڵی 2015.

لێرەدا، پێویستە دان بەوەدا بنرێت، پرۆژەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2012 بەرانبەر چەكە سەربازییەكانی ئیسرائیل خۆڕاگر بووە، هیچ گرەنتیەك نەبووە بۆ ئەوەی بەیەك گورزی سەربازی كورە ئەتۆمییە سەرەكییەكان لەناو ببرێت، هەر لەو كاتەدا ئێران روپۆشێكی سەربازی و سیاسی گەورەی لەلایەن هاوپەیمانەكانییەوە هەبوو لەسەر سنووری ئیسرائیل. 

لەسەر ئیسرائیلییەكان پێویست بوو حساب بۆ هێرشی وەڵامی وەربگرن بۆ سەر خاكەكەیان لەلایەن حزب الله ی لوبنانی یان بزووتنەوەی حەماس یان هەر بزووتنەوەیەكی تری فەلەستینی، كە بە شێوەیەكی گشتی مێژووی خۆ ئامادەكردنی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر كورە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ساڵی 2012؛ نەدەكرا بە یەك هێرش وێران بكرێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا