ئەگەر جەنگ رووبدات كامیان براوە دەبن؟
بەرواوردێكی سەربازی لەنێوان سوپای ئێران و بەریتانیا

جیهان

13/08/2019‌ 4490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەم دوایانە بەهۆی ئەوەی هەریەك لە بەریتانیا و ئێران دەستیان بەسەر كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەی یەكتردا گرتووە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر گرژی تێكەوت و پرسیاری ئەوە دەكرێت، ئەگەر بێتوو جەنگێكی راستەقینە لەنێوانیان رووبدات ئەوە كامیان دەتوانێت بەسەركەوتوویی لەجەنگەكە بێتەدەرەوە؟

راپۆرتێك، كە گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینتیریست" بڵاویكردووەتەوەو نووسەر مایكڵ بیك هەوڵیداوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، كە باسی لەوە كردووە، وەڵامدانەوەكەشی قورس دەبێت.

نووسەر سەرەتای بابەتەكەی بەو ناونیشانەی رۆژنامەی "دەیلی ئیكسپریس"ی بەریتانی دەستپێكردووە، كە باسی لەوە كردووە، بەهۆی هەڵكشانی ئاستی گرژییەكان لەگەڵ بەریتانیا، ئێران توانا سەربازییەكەی خۆی پیشاندا.

بەپێی رۆژنامەكە، لەكاتی بەراوردكردنی توانای سەربازی بەریتانیا و ئێران ، دەردەكەوێت بەریتانیا لەكاتی باسكردنی هێزی مرۆیی و هێزی دەریایی و وشكانی لەگەڵ سەرچاوە نەوتییەكان پاشەكشەی كردووە .

بیك باس لەوەش دەكات، رۆژنامەی "دەیلی ئێكسپرێس' بۆ زانیارییەكانی پشتی بە پێگەی ئەلیكترۆنی "گڵۆباڵ فایر" بەستووە، كە داتا و سەرژمێری لەسەر هێزە سەربازییەكانی ١٣٧ دەوڵەتی جیهان بڵاودەكاتەوە .

بەگوێرەی نووسینەكە بەریتانیا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندییەكەی پێگەی "گڵۆباڵ فایر "دایە، لەكاتێكدا ئێران زۆر لەو پلەیە جیاواز نییە و پلەی چواردەیەمینی ریزبەندی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی هەیە (ئەمەریكا لە پلەی یەكەمە و ئیسرائیلیش لە پلەی حەڤدەیەم) .

لەراستیدا ، بەپێی پۆڵێنەكەی گلۆباڵ فایر ئێران لەچەند بوارێكدا لەبەریتانیا بەهێزترە، وەك ئەوەی ژمارەی سەربازانی سوپای ئێران ٨٧٠ هەزار سەربازە لەكاتێكدا بەریتانیا تەنیا ٢٣٣ هەزار سەربازی هەیە ، ئێران خاوەنی ١٦٣٤ تانكە، بەڵام بەریتانیا ٣٣١ تانكی هەیە ، ئێران خاوەنی ٣٨٦ كەشتی‌و پارچەی دەریاییە، بەڵام بەریتانیا تەنیا ٧٦ كەشتی جەنگی هەیە. 

لەرووی ژمارەی هێزی ئاسمانییەوە بەریتانیا پێش ئێران كەوتووەتەوە بەجۆرێك بەریتانیا ٨١١ مووشەكی جەنگی هەیە ، بەراورد بە ئێران، كە تەنیا ٥٠٩ مووشەكی جەنگی هەیە، بەڵام ئێران نەوتێكی زۆرتری هەیە لەبەریتانیا، بەمەش لەرووی داراییەوە لەبەریتانیا لاوازترە .

نووسەر باس لەوەش دەكات، هەموو ئەوە دەری دەخات چۆن دەكرێت سەرژمێرییەكان چەواشەكارانە بن، لەبەر ئەوەی بەهیچ جۆرێك ناكرێت بەراورد لەنێوان توانای سەربازی ئێران و بەریتانیا بكرێت .

نووسینەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە پێش هەموو شتێك بابەتی پەرەپێدانی چەكی ناوەكی لەلای ئێران ئەگەرە و لێی دڵنیا نین، لەكاتێكدا بەریتانیا بەدڵنیایی خاوەنی چەكی ناوەكییە ، نەوەك هەر ئەوە، بەڵكو چەكە ناوەكییەكانی بەریتانیا هەر ئەوە نین كۆمەڵە بۆمبێك بن و لەژیر زەوینەكان هەڵگیرابن، بەڵكو ئەو وڵاتە چوار ژیردەریایی ناوەكی لەجۆری ڤانگاردی هەیە، كە هەریەكەیان بە ١٦ مووشەكی  جۆری ترایدنت پڕچەككراون ، ئەو  مووشەكانەش بالیستین و بە بۆمبی هایدرۆجینی ئامادەكراون .

بەدەربڕینی نووسەر ئەو بۆمبە ناوەكیانە بەسن بۆ ئەوەی روسیا و چین بگێڕنەوە بۆ چاخەكانی ناوەند ، نەخاسمە ئێران .

بەڵام نووسەر پێیوایە هیچكام لە بەریتانیا و ئێران هەرگیز چەكی ناوەكی بەكارناهێنن، بەریتانییەكان لەبەر هۆكاری سیاسی ئەو كارە ناكەن، ئێرانییەكانیش چەكی ناوەكی دژی بەریتانیا، یان هەر وڵاتێكی تر بەكاربهێنن ئەوە وەك خۆكوژی وایە، ئەگەری زۆریش ئەوەیە تەنیا چەند ململانێیەكی سنوردار لەكەنداو رووبدات، كە بەزۆری وەك دووبارەكردنەوەی رووداوی جەنگی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بێت ‌و لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو روویدا، كە ئێران هێرش دەكاتە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان وەك وەڵامێك بۆ بەردەوامی گەمارۆ ئابوورییەكان، لەبەرانبەریشدا بەریتانیا و  ئەمریكا هەوڵ دەدەن رێگری لێبكەن .

لەبەشێكی تری بابەتەكەیدا بیك ئاماژە بە ژمارەی ئەو تانكانە دەكات، كە هەریەك لە ئێران و بەریتانیا هەیانە ، بەم پێیە لەژێر سایەی هەر سیناریۆیەك هیچ كاریگەری و گرنگییەكانیان نابێت، بێ لەبەرچاوگرتنی تانكی "چالنجەر ٢" ی بەریتانی، كە جۆرە تانكێكی پێشكەوتووی جیهانی ئەوتۆن توانای ئەوەیان هەیە هەموو ئەو تانكە زۆرو جۆراوجۆرانەی ئێران هەیەتی لە تانكی روسی و ئەمەریكی و بەریتانی، كە مێژووی دروستكردنیان بۆ حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێنەوە لەگەڵ ئەو تانكانەی ئێران لەناوخۆدا درووستی كردوون لەناویان بەرێت .

نووسەر وایدەبینێت، كە هێزی دەریایی و ئاسمانی لەهەر ململانێیەكدا ئامرازی سەرەكین، كە هاوشێوەی هێزی تانكی ئێرانی ئەوانیش تێكەڵەیەكن لە دیزاینی روسی و كۆریای باكوور و دیزاینی ناوخۆیی، سەرباری ئەو كەشتییە رۆژئاواییانەی بۆ  شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەگەرێنەوە، بەڵام لەراستیدا ئێران خاوەنی دەیان بەلەمی تۆڕبیدۆی مووشەكییە، لەگەڵ دەیان كەشتی بچووك، كە بە مووشەكهاویژ و چەكی ڕەشاش پڕچەككراون‌و دەتوانن كەشتییە جەنگییە گەورەكان تێكبشكێنن .

بەریتانیا كەشتیگەلێكی هاوچەرخ و پێشكەوتووی لەكەشتی ویرانكەر و فرقاتە و فرۆكەهەڵگری نوێی هەیە ، بەڵام بەسەیركردنی ژمارەی كەشتییەكان، كە ٧٦ كەشتییە هیچ نییە جگە لە سێبەری شكۆی هێزی دەریایی مەلەكی بەریتانی پێشووتر .

نووسەر لەنووسینەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئەوە بۆ هێزی ئاسمانیش هەر راستە ، بەشێوەیەك هێزی ئاسمانی ئێران كۆن‌و كلاسیكییە و تێكەڵەیەكە لە فرۆكەی كۆنی ئەمەریكی وەك F-4 و F-14، هەروەك ئەو فرۆكە روسیانەی لەكاتی جەنگی كەنداودا عێراق رەوانەی ئێرانی كردوون و ئێستا ئەو وڵاتە دەستی بەسەردا گرتوون ، لەگەڵ فرۆكەی درووستكراوی ئێرانی وەك فرۆكەی "ساعیقە"، كە زۆرلە فرۆكەی F-5 ی ئەمەریكی دەچن‌و لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو ئەمەریكا بە ئێرانی فرۆشتووە.

لەلایەكی تر ، بەریتانیا خاوەنی فرۆكەی "یۆرۆفایتەر تایفۆن"ی هاوچەرخە، ئێستاش واخەریكە دەبێتە خاوەنی فرۆكەی پێشكەوتووی شەبەحی ئێف -٣٥ ، كە دەتوانێت لەڕێگای كۆمەڵێك فرۆكەی جەنگی ئەلیكترۆنی و فرۆكەی بێفرۆكەوان پشتیوانی فرۆكە جەنگییەكانی بكات ، بۆیە بیك پێیوایە بەراوردی ژمارەیی هێزە سەربازییەكان لەرەوشێكی وەكو ئێران و بەریتانیا ناراست دەردەچێت .

نووسەر دەشڵێت: ئەگەر ئێران بەریتانیا داگیر بكات كەس پرسیاری ئەوە ناكات، كە كام لەم دوو هێزە بەهێزترن ، هەرچۆنێك بێت ئەگەر هێزە دەریاییەكانی بەریتانیا لەكەنداو بەئەركی دیدەوانی هەڵبستن ئەوە هەر دەبێت لەدووری ٣ هەزار میل لە شانشینی یەكگرتووەوە بەو كارە هەستن، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەوە سوود لە بنكە دەریاییەكانی دەوڵەتانی هاوسێی نەیاری ئێرانیش وەربگرن ئەوە هەر دەبێت بەریتانیا ئەركەكانی لەناو ئاوە هەرێمییەكانی ئێراندا راپەڕێنێ ، لەو حاڵەتەشدا ئێران هەموو بوارێكی شەڕی پارتیزانی كەناراوەكانی وەك دانانی مین و هێرش بە بەلەمی بچووك لەبەردەستدا دەبێت.

لەكۆتایی نووسینەكەیدا نووسەر دەگاتە ئەو ئەنجامەی، كە ئەوە ڕەوشی دەوروبەرە دیاری دەكات كامیان بەهێزترن ئێران یان بەریتانیا .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی