نەخۆشییەكانی دڵ.. هۆكاری سەرەكی مردن‌و چارەسەری ئاسان

تەندروستی

14/08/2019‌ 1744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەخۆشییەكانی دڵ یەكێكە لەسەرەكیترین هۆكارەكانی مردن لە جیهاندا ، لەگەڵ ئەوەی بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوە دەتوانرێت بەپەیرەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی دیاریكراو خۆ لەو نەخۆشییە بەدوور بگیرێت‌و بەئاسانی خۆت بپارێزیت.

پێگەی "ئەی بی تایمز"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لێكۆڵینەوەیەكی پزیشكی ئەوەی بۆ دەركەوتووە، كە خواردنی دانەوێڵەی تەواو (دەستكارینەكراو) و سەوزە و میوە بۆ تەندروستی دڵ زۆر بەكەڵكە .

لێكۆڵینەوەكە، كە لە گۆڤاری كۆمەڵەی دڵی ئەمەریكیدا بڵاوكراوەتەوە زیاتر تەركیزی كردووەتە سەر پەیوەندی لەنێوان ئەو سیستەمە خۆراكییەی پشت بەگیاخۆریی دەبەستێت لەگەڵ تووشبوون بەنەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن .

پوختەی لێكۆڵینەوەكە ئەوەیە، ئەو كەسانەی پەیرەوی سیستەمێكی خۆراكیی تەندروست دەكەن، كە پشتی بە گیاخۆریی بەستووە ، ئەوە كەمتر ئەگەری تووشبوون و مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ هەیە بەراورد بەوانەی لە سیستەمی خۆراكیاندا زیاتر گۆشت و كاربۆهیدرایتی وەك برنجی سپی بەكاردەهێنن .

ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشووتر كراون باسیان لەوە كردووە، كە سیستەمی خۆراكی ناتەندروست هۆكاری سەرەكی نەخۆشییەكانی دڵە و دواین لێكۆڵینەوەش زۆر جەخت لە گرنگی سیستەمی خۆراكی تەندروست دەكاتەوە، كە پشت بە گیاخۆریی ببەستێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی