چەند زانیارییەك لەسەر سوودە گرنگەكانی میوەی سندی

تەندروستی

14/08/2019‌ 2298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگشتی كاتێك باسی مزرەمەنییەكان و سوودەكانیان دەكرێت كەمتر باسی گریپ فرووت "سندی" دەكرێت ، لەگەڵ ئەوەی پێنج سوودی گرنگی بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش و دڵ و كاركردنی مێشك هەیە .

گریپ فرووت بەرهەمی درەختێكی هەمیشە سەوزە ، لەساڵی ١٧٥٠ قەشە ویڵزی گریفیس دۆزیویەتییەوە و ناوی "میوە قەدەغەكراوەكە"ی لێناوە ، كە ٨٨% ی ئاوە ، بۆیە بۆ شێداركردنەوەی جەستە میوێكی نموونەییە .

لەبەر ئەوەی گریپ فرووت دژە ئۆكسیدی تێدایە، بۆیە دەكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش و دابەزاندنی پەستانی خوێن بەكاربهێنڕیت. 

هەروەها ئەو دژە ئۆكسیدەی لەناو ئەو میوەیەدا هەیە ریگە لەدرووستبوونی لووی شێرپەنجەیی دەگرێت و یارمەتی دڵ دەدات پارێزگاری لە چالاكییە سرووشتییەكانی بكات . 

ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی، كە لەساڵی ٢٠٠٦ كراوە ئەوەی دەرخستووە، ئەو كەسانەی ئەو میوەیە بەشێوەیەكی رێكوپێك دەخۆن، ئەوە پەستانی خوێن و كۆلیسترۆڵیان لەئاستێكی ئاساییدا دەبێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی گریپ فرووت دەوڵەمەندە بە پۆستاسیۆم .

بەگوێرەی قسەی كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ خواردنی گریپ فرووت و مزرەمەنییەكانی تر، مەترسی تووشبوون بەجەڵتەی مێشك كەمدەكاتەوە بەتایبەت لای ئافرەتان .

سوودێكی تری گریپ فرووت ئەوەیە، كە پرۆسەی پیربوون دوادەخات، ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەسەر ئەو میوەیە كراون ئاشكرایانكردووە، ئەو ماددە دژە ئۆكسیدەی لەو میوەیەدا هەیە بەرەنگاری رەگە ئازادەكان دەبێتەوە، كە هانی پیربوونی جەستە دەدات ، بەشێوەیەك ئەگەر كەسێك هەفتانە دوو دانە لەو میوەیە بخوات ئەوە ١٠ ساڵ گەنجێتی بۆ دەگەڕێتەوە .

پزیشكان بە گریپ فرووت دەڵێن بەرگری سرووشتی، كە رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین C ی تێدایە كە پێویستە بۆ پارێزگاریكردن لە خانەكان لە بوونەوەرە زیانبەخشەكان ، هەروەك ئەو ڤیتامینە یارمەتی كەمكردنەوەی ئەو ماوەیەیە دەدات كە بۆ چاكبونەوە لە پەتا وەرزییەكان پێویستە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی