هەندێك حیزبی عێراقی مانگانە ٥٠ ملیۆن دۆلاریان لەماددەی هۆشبەرو قومارو باندی لەشفرۆشی دەستدەكەوێت

عیراق

14/08/2019‌ 1066 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی بەحرینی باس لەوە دەكات، كە هەندێك حیزبی سیاسی عێراقی خاوەن پێگە و دەسەڵات مانگانە ٥٠ ملیۆن دۆلاریان لەبازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و قومار و بازرگانیكردن بەمرۆڤ و لەشفرۆسی دەستدەكەوێت .

رۆژنامە بەحرێنییەكە ئەو زانیارییانەی لەسەر زاری پەرلەمانتاری سەربەخۆ فائیق شێخ عەلی گواستووەتەوە، كە تێیدا جەختیكردووەتەوە حیزبە سیاسییەكان هۆڵەكانی قومار بۆ فرۆشتن و برەودان بە ماددە هۆشبەرەكان و راوكردن و بەكارهێنانی ئافرەتان و پەیداكردنی پارە بەكاردەهێنن .

ئەوەی لەلێدوانەكانی ئەو پەرلەمانتارە جێی سەرنجە ئەوەیە، كە بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردن و فرۆشتنی ماددە كحوولییەكان، كە پێش چەند ساڵێك درا لەگەڵ پیلانی نغرۆكردنی عێراق بە ماددە هۆشبەرەكان لەسەر دەستی لایەنە كاراكانی سەر دیمەنی سیاسی عێراق بەیەكەوە بەستووەتەوە .

ئەو لێدوانانە لەدوای ئەو رەخنانە دێت، كە لە عادل عەبدومەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گیرا و تۆمەتبار كرا بەوەی لەبەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كەمتەرخەمی دەنوێنێت، دوای ئەوە چەند هەڵمەتێك لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ سەر هۆڵەكانی رۆلێت و قومار  لە گەورە هۆتێلەكانی بەغدا دەستیپێكرد .

بەڵام رۆژنامە بەحرێنییەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە هێشتا شەقامی عێراقی مەترسی هەیە ، بەتایبەت ئەو كەسەی دەستبەسەركراوەو لە تۆمەتەكە تێوەگلاوە پەیوەندییەكی گەورەی بە گرووپە چەكدارەكان و كەسایەتییە سیسییەكانەوە هەیە، كە ئەویش حاجی حەمزەیە. كە ئەوە دەڵێت: بەرەنگاربوونەوەی گەورە بازرگانەكانی ماددە هۆشبەرەكان و كاری لەشفرۆشی بەردەوام نابێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی