قەتەر بەو پارە زۆرەی هەیەتی هەژموونی خۆی لەوڵاتانی گەورەی جیهان دەسەپێنێت

جیهان

14/08/2019‌ 1109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر پارەت هەیە چی دەكەیت‌ بیكە.. قەتەریش پارەی زۆرە، بۆیە بە ئاسانی ئەوەی‌ گەرەكییەتی دەیكات، تانەت لە لەباوەشگرتن‌‌و سەرپەرشتیكردن و پارەداركردنی تیرۆریشدا.

قەتەر سەرتۆپی‌ لوتكەی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهاندی گرتووە لە ساڵ 2019، بەشی تاك لە تێكڕای داهاتی نیشتمان نزیكە 135 هەزار دۆلارە، كە دەزگای وەبەرهێنانی قەتەر لە ماوە 14 ساڵ لە بنیاتنانی تۆڕی وەبەرهێنانی فراوان‌و جۆراوجۆر لە زۆرینەی‌ دەوڵەتانی جیهاندا، توانیوویەتی پلەیەكی پیشكەوتوو لەنێوان گەورەترین سندوقە سەروەرییە جیهانییەكاندا بەگوژمە پارەی 335 ملیار دۆلار دەستەبەر بكات، 

هەر‌ تەنیا ڕەهەندە ئابوورییەكە ئامانجە سەرەكییەكەی قەتەر نییە لە بڵاوبوونەوەی وەبەرهێنانەكانی لە 80 دەوڵەتی جیهاندا، بەڵكو پرسەكە‌ لایەنێكی شارا‌وە و لێڵاویشی هەیە، كە ئامانجی پشتیوانیكردنە لەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت "هێزی نەرم"، یان وەك پەندە جەماوەرییەكە "دەم تێرنان بكە، چاو شەرم دەكات".

بە زمانێكی سادە و ڕوونتر، ئامانجی قەتەر فریودانە بۆ كڕینی ئەستۆپاكییەكان‌و دەستكەوتنی لاداری (وەلا)ی حكومەت‌و دەوڵەتان، لەوساوەی دەوحە دەستیكردووە بەپەنادانی سەركردە ئیخوانییە هەڵاتووەكان لەدەوڵەتەكانی خۆیان، ڕۆڵی لە پاڵپشتیكردن و پارەداركردنی (تەمویل) تیرۆر جێگەی مشتومڕ نییە. 

قەتەر لەژێر پەردەی سەندیكا و كۆمەڵەی خێرخوازی پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ بنیاتنانی مزگەوتەكان و بەخشش بۆ دامەزراوە فێركارییەكان، پشتیوانی پێشكەشی سەركردەی گروپە توندڕەووەكان كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی بیرۆكەكانیان.

شارەزایان پێیانوایە قەبارەی پارەداركردنی (تەمویل) قەتەر بۆ ئیخوانەكانی ئەوروپا دەگاتە 350 ملیۆن یۆرۆ، پرسیارەكەش ئەوەیە بۆچی ئەوروپا و ئەمریكا و جیهان چاو لەو ڕەفتارانەی قەتەر دەپۆشن، سەرباری ئەوەی ئەو تیرۆرەی قەتەر سەرپەرشتی و پارەداری دەكات، دەستی گەیشتووەتە هەمووان و بەڵگەی زۆریش لەوبارەوە بەردەستن.

لە بەریتانیا، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوای لە قەتەر كرد سەبارەت بە پشتیوانیكردنی لە تیرۆر وەڵامی هەبێت، كەچی لەندەن هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ سزادانی قەتەر نەگرتووەتەبەر.

سەرباری ئەوەی لایەنی میدیایی و سیاسی لە ناو مەدرید ڕۆڵی قەتەریان ئاشكراكرد لە بڵاوكردنەوەی تیرۆر و نیازمەندی دەوحە بۆ بنیاتنانی 150 مزگەوت لە ئیسپانیا تا ساڵی 2020، ئینجا وەرچەرخاندنی ئەو مزگەوتانە وەك بڵندگۆو سەكۆیەك بۆ بانگخوازان، تا گەنجان جۆشدەن و ڕایانكێشنە ناو ڕیزەكانی گروپە تیرۆرستییەكانەوە، كەچی حكومەتی ئیسپانیا بێدەنگی هەڵبژارد، ئەڵماینا و فەڕەنسا و دەوڵەتانی دیكەی كۆمەڵەی ئەوروپاش هەمان بێدەنگیان هەڵبژارد.

پارەداركردنی چالاكییەكانی گروپە توندڕەووەكان
پشتیوانیكردن لە میلیشیا و گروپە توندڕەووەكان بە چەك و كەرەستەی مرۆیی، تەنیا تاكە ڕووی پاڵپشتیكردنی تیرۆری قەتەر نییە، بەڵكو لە ئێستادا ترسی ئەوە هەیە پارەداركردنەكانی نهێنی قەتەر بۆ دامەزراوە فێركارییەكانی ئەمریكا، ببێتە هۆی ئەوەی بڕیارسازی سیاسی ئەمریكایان سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا بكەوێتە دەست.

"گریگ ڕۆمان" ی سەرۆكی جێبەجێكاری كردەكان لەكۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو مەترسییەی سەرەوەی خستووەتەڕوو ئاشكرای كردووە، دەوحە ملیارەها دۆلاری لە ئەمریكا خەرج كردووە، نەك هەر بۆ دروستكردنی كاریگەری بۆ سەر زانكۆكان، بەڵكو بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر قوتابخانە گشتییەكان و بەشەكانی پۆلیس. 

ڕۆمان پێیوایە زانكۆی "كارنج ملیۆن"، كە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی دامەزراوە زانكۆییەكان دەكات لە دەوحە، یەكەم زانكۆی بواری زانستەكانی كۆمپیوتەرە لە ئەمریكادا.

ئەوە بەسە بپرسین پاڵنەرەكانی قەتەر چین لە دابەشكردنی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار بەسەر زانكۆ ئەمریكییەكاندا، بەگوێرەی ئەو ژمارانەی "ئۆرین لیتوین"ی بەڕێوەبەری یارمەتیدەر لە پڕۆژەی ئیسلامگەرایی لەسیاسەتدا، كە سەر بە كوڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو ئەو ژمارانە بەسن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە دوورمەوداییانە بزانین، كە قەتەر گەرەكییەتی پێیان بگات.

ڕێكخراوی "چاودێری دادوەری" ئەمریكی هەستاوە بەتۆماركردنی داوایەك دژ بە چەند زانكۆیەكی ئەمریكی، چونكە‌ باسیان لەو پشتیوانییە نەكردووە، كە قەتەر، یان بریكارەكانی پێیان بەخشیوون. 

ئەو ڕێكخراوە دادوەرییە هەمووانی لەوە ئاگادار كردووەتەوە، كە پەیوەندی قەتەر بە ڕێكخراوە توندڕەووەكان كاریگەری دەبێت بۆسەر ئاراستەكردنی توێژینەوە هزرییەكان و میتۆدە فێركارییەكانی ئەو زانكۆییانە.

قەتەر بڕی 2500 بۆ 3000 پرۆگرامی ڕاهێنانی قوتابیان لە زانكۆ ئەمریكییەكان پارەدار دەكات، لە بەرانبەریشدا زانكۆ ئەمریكییەكان سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی دامەزراوە فێركارییەكانی قەتەر دەكەن، ئەمەش هەلی بۆ دەوحە ڕەخساندووە هەڵمەتی میدیایی ئەنجام بدات.

شاراوە نییە، كە قەتەر كۆششی ئەوە دەكات لە ڕێگەی یارمەتییەكانەوە باڵادەستی خۆی بسەپێنێت بەسەر بڕیاری ڕۆشنبیری و گرتنەدەستی سەركردایەتییكردنی هێزی نەرم لە جیهانی عەرەبی و هەموو ناوچەكەدا‌.

بە گوێرەی "لی سمس" ی توێژەری "سەنتەری هدسۆن" ، ماتن ئەندیكی نێردەی ئاشتی ئەمریكای پێشوو، كە لە ئێستادا جێگری سەرۆك و بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەیە لە "پەیمانگای بڕۆكینگز" لە واشنتۆن، گوژمە پارەی 14 ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە، قەتەر ڕێككەوتننامەیەكی لەگەڵ پەیمانگای ناوبراو مۆركردووە بۆ كردنەوەی لقێكی پەیمانگاكە لە دەوحە.

ئامرازێكی دیكەی قەتەر بۆ سەپاندنی باڵادەستییەكەی، دەستكراوەیی دەوحەیە لەبەخشینی پارە بە كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندییە گشتییەكان،  پێدانی ملیۆنەها دۆلار بە كەسانی خاوەن هەژموونی ناو واشنتۆنی پایتەخت، ئەمەش وەك هەڵمەتێكی بەردەوام بۆ دروستكردنی كاریگەری بەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئەمریكاوە، دەشڵێن: هەندێك لە دبلۆماتكار و خاوەن هەژموونی سیاسی كار بۆ قەتەر دەكەن. 

لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2016ی ئەمریكا، چەند كەسایەتییەكی ناو دەوروبەری سەرۆكی ئەمریكا، خۆیان تەرخان كردووە بۆ كاركردن لەپێناو بەرژەوەندییەكانی قەتەر و هێرشكردنەسەر سعودیە لە میدیاكان و ناو كۆنگرێسەوە، بە نهێنیش ئەندامانی گروپەكانی فشاری كۆمارییەكان، لە بەرامبەر موچەیەكی مانگانەی 500 هەزار دۆلاری كار بۆ دەوحە دەكەن.

لە ساڵی 2017 وە پارەداركردنەكانی قەتەر بۆ كۆمپانیاكانی بواری پەیوەندییە گشتییەكان چەندجارە بوون بۆ چوار ئەوەندەی جاران، ئەم پارەداركردنە 23 كۆمپانیای گرتۆتەوە، بە تەنیشت ئەمەشەوه، قەتەر بڕی 830 ملیۆن دۆلاری داوەتە سێ زانكۆی ئەمریكی كە لقیان لە دەوحە هەیە.

بانقەكانی قەتەر لە ڕۆژئاوا تۆمەتبارن بە پارەداركردنی تیرۆر
دوای ئەوەی 4 دەوڵەتەكە بایەكۆتی قەتەریان كرد، دەوحە بۆ خۆپاراستن لە سزا ئەمریكییەكان، پشتی بە كۆمپانیای "ئەشكڕۆفت" بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە یاساییەكان بەست، سەبارەت بەوەی پەیوەستە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

قەترەییەكان یارییەكی قێزەوون و پۆخەڵ دەكەن، ڕۆناڵد ساندی، كە شڕۆڤەكارێكی پێشووی دەزگای هەواڵگری سەربازی هۆڵەندایە، بووە قوربانی چەتەگەرییەك، كە 1500 كەسی گرتەوە، لەوانەش سیاسەتمەداری ئەمریكیشی تێدابوون لە واشنتۆنی پایتەخت. 

ئەو چەتەگەرییە هەر دۆژمنەكانی دەوحەی نەگرتەوە، بەڵكۆ دۆستەكانی دەوحەش لێی بێبەش نەبوون.

قەتورە چۆن توانی ئەو یارەیە پۆخەڵە بكات، لە كاتێكدا ژمارە دانیشتوانە ڕەسەنەكان ناگاتە 600 هەزار كەس، تەنانەت ئەم ژمارەیەش جێگەی بڕواپێكردن نییە، چونكە بەرپرسە قەتەرییەكان یاری بە ژمارەكانەوە دەكەن.

پێم وانییە كەسێكی ئاقل هەبێت پێی وابێت قەتەر دەستی بەسەر بڕیارسازی ئەمریكادا گرتووە، هەروەك گەرەكییانە ئێمە باوەڕ بەمە بكەین، ڕاستە پارەداركردنی قەتەر 100%، بەڵام پلانداڕشتنەكە دوور لە دەوحە بەرێوەدەچێت و قەتەریش تەنها بریكارێكە و بەس.

بڕیارەكە تەنیا دوو وشەیە، كە دەبێت لە واشنتۆنەوە دەر‌چێت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی قەتەر بگەڕێتەوە قەبارە ئاساییەكەی خۆی.. ئەم بڕیارەش لە ئێستادا دواخراوە، كاتێك بڕیارەكەش بخرێتەسەر مێزی گفتوگۆ و مشتومڕەوە، فەرمانڕەوایانی قەتەر پارەیەكیان بۆ نامێنێتەوە خەرجی بكەن، حەتمەن ئەوكات قەتەر واز لە چالاكی و گەمە قێزەوونەكانی دێنێت.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە