ئیسرائیل هۆشداری دەداتە روسیا لە فرۆشتنی فرۆكە بەتوركیا

جیهان

15/08/2019‌ 1821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تسفی ماگین ، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە روسیا و توێژەر لە "پەیمانگای توێژینەوەكانی ئاسایشی نیشتمانی" لە زانكۆی تەلئەبیب، هۆشداری دەداتە روسیا لە واژووكردنی رێكەوتننامەی فرۆشتنی فرۆكەی "سو ٣٥ " بە توركیا و دەڵێت: ئەنقەرە ئەندامی ناتۆیە و دەستبەرداری ئەو ڕێكخراوە نابێت .

ماگین لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی روسی  "فزگلیاد" دەشڵێت: توركیا هاوبەشێكی جێی گومانی روسیایە ، لەبەر ئەوەی رۆژێك بەرژەوەندییەكانی لەجێگایەكە و رۆژێكی تر لەجێگایەكی تر، بۆیە ناكرێت متمانە بە ئەنقەرە بكرێت ، چونكە زۆر بەئاسانی و كەی بەپێویستی زانی هەڵوێستەكانی دەگۆڕێت".

ماگین دان بەوەدا دەنێت، كە فرۆشتنی فرۆكە بە توركیا قازانبەخشە بۆ روسیا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ توركیا بۆ پاراستنی ئاسایشی باشووری روسیا گرنگە ، بەڵام مۆسكۆ نابێت لەسەر بنەمای ئەوە چاوی لەبنیادنانی هاوپەیمانی تەواو بێت لەگەڵ توركیا .

بەپێچەوانەی لێدوانەكانی ماگین ، سەركردایەتی سەربازی ئیسرائیلی مەترسی ئەوەیان هەیە دوای دەستكەوتنی سیستەمی بەرگری "ئێس-٤٠٠" لەلایەن توركیاوە، زاڵێتی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیانی بەربكەوێت .

هەفتەی رابردوو، عوفر ئیسرائیلی، كە شارەزایە لەدروستكردنی بڕیار و سیاسەتی دەرەوە لە ناوەندی هرتسلیای فرە پسپۆڕی، هۆشداریدا لەوەی دەستكەوتنی سیستەمی S-400 لەلایەن توركیاوە زیان بە تواناكانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەگەیەنێت .

لەلایەكی ترەوە ، ئیگۆر كۆرشینكۆ بەڕێوەبەری ناوەندی شیكردنەوە جیهانییەكانی بازرگانی چەك و شارەزای سەربازی روسی دەڵێت: پێموایە فرۆشتنی فرۆكەی "سو ٣٥" بە توركیا بۆتە راستی .

كۆرشینكۆ  لەلێدوانیكیدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیكی روسی دەڵێت: گریبەستی نوێی فرۆشتنی فرۆكە بە توركیا دەبیتە هۆی بێزاری ئەمریكا، بەڵام ئەزموونی پێدانی سیستەمی S-400 دەریخست ، كە ئەنكەرە گوێ بەهەڕەشەكانی واشنتۆن نادات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی