نێچیرڤان بارزانى: پارتى شانازيی بە بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە دەکات

sharpress.net

247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

15/08/2019‌

شارپرێس:

جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان جەخت دەکاتەوە حزبەکەى  شانازيی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌ييیان هەیە.

 

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى بەبۆنەى ٧٣ ساڵەى دامەزراندنى حزبەکەى رایگەیاندوە، پارتی نسكۆ و سەختی بینیون، بەڵام چونكە خاوەن باوەڕ و بنچینەیەكی ریشەداری بەهێزە، هەمیشە توانیویەتی هەموو نسكۆ و سەختییەكان تێپەڕێنێت و مایەی مانەوە و سەركەوتن بێت بۆ كوردستانييان، هەروەها بەشدارێكی بەهێز بووە لە بزووتنەوەی دیموكراسی و مەدەنيی عێراقدا، لەبەرئەوە لە مێژووی عێراقیشدا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە.

 

جێگرى سەرۆکى پارتى ئاماژەى بەوەشکردوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە شانازيی گەورەی هەیە لە دروستبوون و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسيی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی وەك قەوارەیەك لە دەستووری عێراقدا، لە هەمان كاتدا پارتی و پارتییەكان شانازيی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان و پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌ييیان هەیە.

 

هەروەها ناوبراو جەختیکردوەتەوە، قارەمانيه‌تيی ئەندامان و جەماوەری پارتی جارێكی دیكە لە بەرگريی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خۆی نواندەوە كه‌ وەك هێزی پارێزەری ئازاديی جیهان، شانازییەكی گەورەی جیهانی تۆمار كرد.

لەبەشێکى ترى راگەیەنراوەکەیدا نێچیرڤان بارزانى رایگەیاندوە، پارتی وەك هێزێكی ریشەدار و بزووتنەوەیەكی جەماوەريی بنكەفراوان، خاوەن هێزێكی زۆر بەهێزی ئاوەدانی و نوێبوونەوە و پێشكەوتنە. لاوان و قوتابيان و ئافره‌تانى پارتی حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ كار و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، پارتی بە پشتیوانيی تێكۆشەرە دێرین و بەئەزموونەكانی و جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى كوردستان بەهێزتردەبێت، تەئکیدى کردوەتەوە، لەمەودواش پارتی بە كارنامە و پلانی بەرفراوانتر دەتوانێت زیاتر خزمەتی دۆز و ئامانجەكانی گەلی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بكات.

س.هـ






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved