وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم لەسەر شوتییەکانى پێنجوێن روونکردنەوە دەدات

کوردستان

16/08/2019‌ 731 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێم رونکردنەوەیەکى لەبارەى بەکارهێنانى دەرمان بۆ ئاودانى شوتى لە قەزاى پێنجوێن بڵاوکردەوەو رەتیدەکاتەوە هیچ کێشەیەک لە شوتییەکانى ئەو سنورە هەبێت.

 

بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندوە"لە بارەی ناوەرۆکی گرتە ڤیدیۆییەکە بەدواداچوونی پێویست دەکەین چەند ڕۆژێکە لە ڕێی سۆسیال میدیاوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستاو دەستی پێدەکرێت، کە تێیدا باس لەوە دەکرێت، چەند جۆرێک دەرمان بەکار دەهێنرێت بۆ گەشەپێکردنی بەروبوومی شووتی لە ناوچەی پێنجوێن".

 

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان دەرمانی کشتوکاڵی ڕێگەپێدراو بە ڕێژەیەکی دیاریکراوی زانستی بەکار دەهێنرێت بۆ گەشەی بەرهەمەکان، جگە لەو بەرهەمانەی کە ۱۰۰٪ ئۆرگانین.

 

وەزیرى کشتوکاڵ رونیکردوەتەوە بەدواداچوونى پێویست دەکەن لەسەر ئەم بابەتە، چونکە بەوتەى خۆى  پەیوەستە بە ژیان و تەندروستی خەڵکی ووڵاتەکەمان. هەرچەندە لە دەربڕینی ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە زۆر بە ڕوونی هەست بەوە دەکرێ کە هەوڵی شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات و دەیەوێ ترس بڵاو بکاتەوە، ئینجا ئەم کارە مەبەستدار یان لە نائاگاییەوە بێت کە سەرئەنجام بەقازانجی بەرهەمی هاوردە دەشکێتەوە. 

 

لەبەشێکى ترى روونکردنەوەکەیدا تاڵەبانى دەڵێت، لای هەمووان زۆر روونە بەرهەمی ناوخۆ زۆر زیاتر تەندروستتر و باشتر و ئۆرگانی تر و تازەترە بە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراو لە ووڵاتانی دراوسێ. سەرباری ئەوەش جارێکی تریش بەڵێن دەدەین وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، زۆر بەجدی لەم بابەتە دەڕوانین و لەهەموو ڕوویەکەوە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون دەکەین.

س.هـ