یەكێتی داوای میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان دەكات

کوردستان

17/08/2019‌ 822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێگەی پڕۆژە یاسایەكەوە داوا دەكات موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە.

لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكی، كە میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە، وەك فراكسیۆنی یەكێتی پێشنازە یاسایەكیان سەبارەت بە دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان پێشكەشكردووەو چاوەڕوان دەكەن لە دەستپێكردنەوەی وەرزی یاساداناندا لەسەرەتای مانگی ئەیلول، ئەو پێشنیازە یاسایە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە.

ئەو راشیگەیاند، لەبەرئەوەی ئەو پێشنیازە یاسایە ڕەهەندی دارایی هەیە، دەبێت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بە پێی باشبوونی ڕەوشی دارایی میكانیزمێكی گونجاو بۆ دانەوەی پاشەكەوتەكە دیاری بكرێت، چونكە قەیرانی دارایی تێپەڕێنراوەو پێویستە حكومەتی هەرێم دەست بە گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان بكات، بە شێوەیەك مانگانە بڕێك لە پاشەكەوتی موچە لە ڕێگەی هەژماری بانكی فەرمانبەرانەوە بداتەوە.

حكومەتی هەرێم لەچەند ساڵی رابردوو بەبیانووی قەیرانی دارایی بۆ چەندین مانگ بەشێك لەموچەی فەرمانبەرانی دەبڕی، بەوەش فەرمانبەران قەرزێكی زۆریان كەوتە لای حكومەت‌و تائێستا چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە.

هـ ـ ح