نهێنی ئەو هێزە ئەمەریكییەی لەعێراق هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نییە

عیراق

18/08/2019‌ 2369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێچەوانەی سەرجەم باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆمسییەكانی تر لەعێراق، تیمی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەراورد بە باڵیۆزخانەكانی تر هێزێكی گەورەی هەیە، كە پێیدەوترێت "یەكەی ئەركە ئەمەریكییەكان".

سەرچاوەیەك بەرۆژنامەی "عەربی جەدید"ی راگەیاندووە، ئەو هێزە ئەمەریكییە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، كە فیشەكی راستەقینە بەكاربهێنێت‌و وەڵامی هەموو ئەو هەڕەشانە بداتەوە، كە لەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ئەندامانی نێردەی دیبلۆمسی ئەمەریكی و ئەو كەسە ئەمەریكییانەی لەعێراقن، ئەوانەی لە بەرنامەی چەسپاندنی سەقامگیری لە شارە عێراقییە ئازادكراوەكان كار دەكەن، یان لەپرۆسەكانی بنیاتنانەوەی ژیرخانی ئابووری وەك كەرتی تەندروستی و فێركردن كاردەكەن بدەنەوە .

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو هێزە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە مۆڵەتی هەیە هاوشێوەی یەكە ئەمنییەكانی سەر بەكۆمپانیا ئەمنییە بیانییەكان، كە بەرپرسن لەپاراستنی نێردە دیبلۆماسییە رۆژئاواییەكان لەعێراق ، بەڵام یەكە ئەمەریكییەكە گەورەترە، جگە لەوەش بەگشتی هاوڕێیەتی هێزە عێراقییەكان لەگەڵ ئەو هێزە ئەمەریكییە بۆ ئەوەیە لەگەڵ هیز و گرووپە چەكدارەكانی تری ناو حەشدی شەعبی بەریەك نەكەون، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو گرووپە چەكداریانەی واپۆلێن كراون، كە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن .

هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەو هێزە ئەمەریكییەی ناو بەناو لەناو شارە عێراقییە ئازدكراوەكاندا دێن و دەچن ، جارێكی تر مشتومڕی لەسەر هۆكاری بوونی ئەو هێزانە هێناوەتە گۆرێ، بەڵام پاساوی بەرپرسە عێراقییەكان ئەوەیە ئەو هێزانە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەرانی بەرنامەی چەسپاندنی سەقامگیری لە شارە ئازادكراوەكانی باكووری رۆژهەڵاتی عێراق دەكەن، كە واشنتۆن سەرپەرشتی بەرنامەكە دەكات .

هێزەكە ئۆتۆمبیلی سەربازی زرێپۆشیان پێیە، كە بەرگەی بەركەوتنی موشەك و تەقینەوەی مین دەگرن و شەستیری عەیار ٢٣ میلیمەتریان لەسەرە، هەروەك هێزەكە چەكی جۆربەجۆری وەك موشەكی سەرشانیان لەلایە ، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنی پزیشكی سەربازیش هاوڕییەتیان دەكات، كە بەقسەی بەرپرسێكی هەواڵگری سەربازی عێراقی ئەگەر بێتوو  رووبەرووی شەڕ  ببنەوە، یان یەكێك لەفەرمانبەرە ئەمەریكییەكان بڕفێنرێت، ئەوا هێزەكە بەتەواوەتی پڕچەكە و بۆ هەموو دۆخێك ئامادەیە .

ئەو بەرپرسە پێیوایە، كە ئەو هێزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەستە بەو هێزە ئەمەریكییەی، كە لە كۆمەڵێك بنكەی سەربازی لە عێراق جێگیرن، بۆیە دەتوانن هەركاتێك بیانەوێت داوای پاڵپشتیان لێبكەن بەڵام هەتا ئێستا شتێكی لەو جۆرە رووینەداوە، هەروەها هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی ئەوانەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كار دەكات دەستدریژی نەكراوەتە سەر، یان نەكەوتووتە بەر مەترسی، جگە لەو موشەكە كاتیۆشایەی، كە پێش دوو مانگ بەر نزیك لە باڵیۆزخانەكە كەوت و هیچ زیانێكی لێنەكەوتەوە .

هەفتەی رابردووش، ئەندامانی پەرلەمان لەسەر لیستی "هاوپەیمانی بینا"، كە نزیكن لە ئێرانەوە ، داوایان كرد هۆكاری بوونی ئەو هێزە ئەمەریكییەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە موسڵ بینران ئاشكرا بكرێت.

پەرلەمانتار فالح خەزعەلی لەو بارەوە باسی لەوە كرد، كە بوونی هێزی ئەمەریكی لە موسڵ كارێكی بێزاركەرانەیە و بەرپرسیارییەتی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمەریكییەكان و لێدان لەسەروەری خاكی عێراقی خستە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران ، هەروەك هەندێكی تریان باسیان لەوە كرد، كە دەركەوتنی هێزی ئەمەریكی لە موسڵ پێویستی بەوەیە، كە حكومەت لەو بارەیەوە روونكردنەوە بدات .

لای خۆیەوە ئەفسەرێكی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار دەڵێت: وێنەی هێزە ئەمەریكییەكان، كە لەلایەن هاووڵاتیانەوە گیراوە هی ئەو یەكە ئەمەریكییەیە، كە ئەركی پاراستنی ئەو نێردە ئەمەریكییەی لەسەر شانە، لە موسڵ كاردەكەن، نەوەك هیزێكی سەر بە سوپای ئەمەریكی بووبێتن، جگە لەوەی هێزێكی سەربازی عێراقیش هاوڕێیەتی هێزە ئەمەریكییەكەی كردووە .

ئەو دەشڵێت: ئەو هێزە ئەمەریكییەی بابەتەكەی وروژاندووە لەگەڵ ئەو بەرپرسە ئەمەریكیانە هاتووە، كە لەبەرنامەی ئەمەریكی بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانی موسڵ كار دەكەن، ئەوەی پەیوەستە بەهەوڵەكانی نۆژەنكردنەوەی كەرتی تەندروستی، كە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە .

هاوكات ئەفسەرە عێراقییەكە ئاشكرایكردووە، ئەو هێزە ئەمەریكییە بەئاگاداری حكومەتی عێراق لەبەشێك لە شارەكان هاتوچۆ دەكات، بەگشتیش هیزێكی عێراقی لەبەغداوە هاوڕێیەتیان دەكات، كە هیزێكی تریش لەو جێگایەی كە دەویسترێت سەردانی بكرێت ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانیان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی