ترس لە كۆنگرە!

sharpress.net

820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

18/08/2019‌

 (27)
# بە پێی پێڕەوی ناوخۆی هەر حیزب و ڕێكخراوێك وادەی كۆنگرەو كۆنفرانسی دەوری دیاری دەكرێت. یەكێ‌ لە مەبەستی ئەو كۆنگرە دەورییانەش بۆ ئەوەیە ڕەخنەو گلەیی و كێشەكانی نێوان هەردوو كۆنگرە زوو چارەسەر بكرێن و نەهێڵن بەسەریەكدا كەڵەكە بن. دیارە هەر زوو پێشینان وتوویانە هەر ماڵ و ژوورێك ڕۆژانە خزمەت و پاك نەكرێتەوە ژیانی تێدا ئەستەم دەبێت، دووریش نیە ڕۆژێك بەسەر خاوەنەكەیدا بڕووخێت.

ئامانجێكی تری سەرەكی كۆنگرە پاراستن و پتەوتركردنی تەبایی و یەكڕیزی هەڤاڵانی ڕێكخستن و نوێ‌ بوونەوەیە، ئەویش بە داڕشتنەوەی پێڕەوو بەرنامەیەكی هاوچەرخی گونجاوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی قۆناغەكەو پێشهاتەكان. بێگومان ئەو كارەش بێ‌ خوێندنەوەیەكی ڕاست و وردو هاتنی خوێنی تازە بۆ سەركردایەتی حیزب سەركەوتوو نابێت. كۆنگرە وەكو كاروانێكی نەپساوەی دوور ڕێگایە، لە هەر وێستگەیەكیدا ژمارەیەك دادەبەزن و كەسانی تری گەنج دەبنە هاوسەفەری گەشتەكە.

بۆیە لێرەوە، بە پێی ئەو دیسپلینە دەڵێم: بەڵێ‌ بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی تەندروست. كۆنگرەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئاشتەوایی و نوێ‌ بوونەوە. كۆنگرەیەك دوور بێت لە زمانی هەڕەشەو هەڵەشەو گیانی تۆڵەسەندنەوە. كۆنگرەیەك دوور بێت لە ڕق و كینە هەڵڕشتن و یەكتر شكاندن. كۆنگرەیەك دوور بێت لە بێباكی و ( هەرچی دەبێت با ببێ‌).

# ترس و خۆپاراستن لە دەسەڵاتێك كە لە توانای مرۆڤ بەدەر بێت. ترس لە بەفیڕۆدانی خەرمانی ڕەنجی دەیان ساڵە جێی ڕەخنەو گلەیی نیە، بەڵكو ژیرییە. بەداخەوە لە سەردەمی شۆڕش و شاخ، دەیان پێشمەرگەی قارەمانی خوێن گەرم و دڵسۆز بێباكانە لە گیانی پیرۆزی خۆیان لە ڕوو بەڕوو بوونەوەی كۆپتەرو بە (پێوە) شەڕكردن شەهید بوون. كە هەق نەبوو بە چەكی سوكی دەستیان شەڕی كۆپتەر بكەن، یان بە پێوە شەڕی سوپای پڕچەكی دوژمن بكەن. ئەگەر بمانایەوە خزمەتی زیاتری شۆڕش و (ی.ن.ك) و گەلەكەیان دەكرد. بەهەمان شێوەش ترس یان خۆ بە دوور گرتن لە كۆنگرەیەكی ئێسقان شكاندنی نێوان هەڤاڵانی دەیان ساڵیش ناچێتە خانەی ڕەخنە گرتنەوە. دەیان ساڵە بە ئارەقەو خوێنی گەنجەكان ئاوی داری (ی.ن.ك) دەدەین كە ئێستا لە ژێر سێبەرەكەی ئۆقرەمان گرتووە. ناكرێ‌ بێباكانە بە دەستی خۆمان بیبڕینەوە. لە هەمان كاتیشدا ناكرێ‌ ئەو ترسە ببێتە مۆتەكەو هەموو ڕێگاكانمان لێ‌ دابخات.

# هۆكارەكانی نۆ ساڵی ڕابردووی نەبەستنی كۆنگرە بەشێكی بۆ نەخۆش كەوتن و دوا ماڵئاوایی (مام جەلال)دەگەڕێتەوە، ئینجا هاتنی داعش و شەڕێكی دەستەو یەخەی قورس، كێشەكانی عێراق و ناوخۆی كوردستان. بێگومان بەشێكیشی بۆ پەرتەوازەیی و خەم ساردی تێكڕای هەڤاڵانی (م.س) (ی.ن.ك) دەگەڕێتەوە. جا هەندێكمان زۆر زۆرو هەندێ‌ كەم و هەندێكیشی مام ناوەندی. بەڵام گومان لەوەدا نیە سەركەوتن و كەم و كوڕیەكان بۆ تێكڕای سەركردەكان دەگەڕێتەوە. هیچ كەسێك ناتوانێ‌ خۆی لێ‌ بێ‌ بەری بكات. هەمووشمان یەكتر دەناسین و باش یەكتر دەخوێنینەوە.

# هەموو ڕۆژێ‌ لە گۆشەی سەرەوەی لاپەڕە یەكی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ وتەیەكی بە نرخی (مام جەلال) بڵاودەكرێتەوە. هەر بۆ وەبیر هێنانەوە چەند كۆپلەیەكی لێ‌ بڵاو دەكەمەوە

– پێویستمان بەگەشە پێدان و بەهێزكردنی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە)، بۆ ئەم ئاواتە پیرۆزەش لە پێش هەموو شتێكدا پێویستمان بە بەهێزكردنی یەكێتی ناو یەكێتیە.

– پاراستنی یەكێتی ڕیزەكانمان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجانەی كە شەهیدەكانمان لە پێناویدا گیانی پاكیان بەختكردووە زۆر پێویستە.

– ئەركی هەمووانە دڵسۆزانە كار بۆ نەهێشتنی ناكۆكیەكان بكەین. چونكە ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستی بە یەكڕیزیە.

(ئەمانەی سەرەوە مشتێكن لە خەروارێكی ئامۆژگارییەكان)

# شیاوی باسە لە سەروبەندی هەرسێ‌ كۆنگرەی پێشووش هەڕوگیف و گرژی لە نێوان هەڤاڵان دروست بوو بوو، بەڵام (مام جەلال) بە گەورەیی و حیكمەتی خۆی هەموو لایەنەكانی سارد دەكردەوەو جۆرێك لە هاوكێشەی لە نێوانیاندا دروست دەكرد.

ئەرسەلان بایز






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved