شاندەكەی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی 5 دۆسییە سەردانی بەغدا دەكەن

عیراق

19/08/2019‌ 697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی ئاشكرایكرد، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا شاندێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و لەسەردانەكەدا چارەسەر بۆ پێنج دیارترین دۆسییە ناكۆكەكان پێشكەش دەكەن .

بەپێی سەرچاوەكە شاندەكەی هەرێم وەزیرانی پێشمەرگە و  دارایی و پلاندانان و ژمارەیەك راوێژكار لەخۆدەگرێت، تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێنج دۆسییەیە دەكەن، كە لەكاتی سەردانی شاندی حكومەتی فیدراڵ بۆ هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە .

ئەو دۆسییانەی شاندەكە لەبەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن بریتین لە "رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، زیادكردنی پشكی تەرخانكراو بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠،  باسكردن لە ئایندەی كەركوك بەتایبەت لەگەڵ بڕیاردان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كەركوك وەك سەرجەم پارێزگاكانی تر ، جگە لە دووبارە دروستكردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەنێوان سوپای فیدراڵی و هیزەكانی پێشمەرگە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، حكومەتی بەغدا رازی دەبێت بەوەی جارێكی تر لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ پشكی ١٧% بۆ هەرێمی كوردستان دیاری بكرێتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم سەرپێچی بڕگەكانی دەستووری عێراقی كردووە، كە بەروونی دەڵێت: بودجەی تەرخانكراو بۆ پارێزگاكان بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت .

جاسم بوخاتی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا لەلێدوانێكدا حكومەتی هەرێمی بەوە تۆمەتبار كردبوو، كە لەبابەتی جێبەجێكردنی ڕیكەوتنەكان لەگەڵ بەغدا هەرێم خۆی دەدزێتەوە و دەستی دەستی دەكات .

بوخاتی راشیگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوەی هەرێم بەهیچ جۆرێك پابەندی ڕێكەوتنەكان نابێت و لەسەر هەموو ئاستەكان خۆی دەدزێتەوە، بەڵام  هێشتا بەغدا موجامەلەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ، شاندێكی حكومەتی فیدراڵی، كە پیكهاتبوو لە هەریەك لە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی، سامر غەزبان وەزیری نەوت ، جیهاد هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەسەر دۆسییە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان كرد .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە