سوودە زۆرو زەوەندەكانی كولەكە كە زۆر كەس لێی بێئاگایە

تەندروستی

20/08/2019‌ 968 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كولەكە ئەو رەگەزە خۆراكییانەی تێدایە، كە هەموو كەسێك بۆ جەستەیەكی تەندروست و هاوسەنگ پێویستی پێیەتی، بەجۆرێك دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكان و ڕیشاڵی خۆراكی و چەوری ناتێر و پێویست بۆ جەستە.

هەروەها كولەكە لە باشترین سەوزەكان هەژمار دەكرێت لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەكی گرنگی گەلێك لەڤیتامینەكان و رەگەزە كانزاییە پێویستەكانی جەستەیە، ئەو پێكهاتە كیمیاییەی تێیدایە كار لەئاستی شەكر و كۆلیسترۆڵی ناو خوێن دەكات.

كولەكە دەوڵەەمەندە بەم ماددەو پێكهاتە بەسوودانە:
گرووپی ڤیتامین В، كە كۆئەندامی دەرمار  باش دەكات و هەستی ماندوێتی كەمدەكاتەوە، هەروەك ئەو ڤیتامینانە بۆ بەهێزكردنی یادەوەری بەسوودە.

ڤیتامینەكانی A و E،  دوو باشترین دژە ئۆكسیدن، خانەكان لەكاریگەرییەكانی ئەو تەنۆكە بەئۆكسیدبووانە دەپارێزن، كە هاندەرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، جگە لەوەی بەوە ناسراون، كە تایبەتمەندی دژە پیروبوونیان تێدایە .

ڤیتامین С، دژە ئۆكسیدێكی بەهێزە و یاریدەری سیستەمی بەرگری لەش دەدات، لەبەر ئەوە خواردنی یارمەتی زوو چاكبوونەوە لە پەتا وەرزییەكان دەدات.

ترشی نیكۆتین، ئەو ماددەیەی لەناو كولەكەدا هەیە رێگرە لە روودانی نۆرە دڵێ.

یەكێك لە تایبەتمەندییە باشەكانی كولەكە ئەوەیە، كە ئەو كەسەی بەشێوەیەكی بەردەوام بیخوات درەنگ پیر دەبێت و رووخسارێكی جوانی دەبێت .

كولەكە كانزاكانی ئاسن كالیسیۆم و مەگنیسیۆم و پرۆتینات و كاربۆهیدرایتی پێویستی بۆ جەستە تێدایە ،جگە لەوەی برێكی زۆری ئاو تێدایە .

شارەزایانی بواری خۆراكی دەڵێن: لەبەر ئەوەی كولەكە برێكی زۆر ڕیشاڵی خۆراكی تێدایە یارمەتی پاككردنەوەی بۆرییەكانی خوێن دەدات لەكۆلیسترۆڵی كەڵەكە بوو ، بەوەش مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن كەمدەكاتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی