ئێران لەپشت وروژاندنی بابەتی رەغدی سەددام حوسێنەوەیە

عیراق

20/08/2019‌ 1306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی رابردوو، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسی قەیرانێكی سیاسیان دەكرد، كە ڕووبەرووی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێتەوە بەهۆی چەند كوتلەیەكی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

ئەو كوتلە پەرلەمانییانە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن بەوەی بەفەرمی داوای رادەستكردنەوەی ئەو بەرهەڵستكارە عێراقییانە لە عەممان بكاتەوە، كە ئێستا لە وڵاتی ئوردن نیشتەجێن لەسەرووی هەموویانەوە رەغدی كچی سەددام حوسێن.

لەبەرانبەردا ئوردن دەڵێت: هێشتا بەفەرمی هیچ داواكارییەكی لەو جۆرەمان لەلایەن بەغداوە بەدەست نەگەیشتووە، ئەو پەنابەرە عێراقییانەش میوانی شانشینی ئوردنن و رادەستی بەغدایان ناكەنەوە.

لای خۆیەوە ، پەرلەمانتاری ئوردنی خەلیل عەتیە بەئاژانسی سپۆتنیكی راگەیاندووە، هەركەسێك پەنابەرێتە بەر ئوردن بەتەواوەتی دەپارێزرێت، هاشمییەكان رانەهاتوون جگە لە پشتیوانیكردنی خەڵك و یارمەتیدانیان.

عەتییە پێیوایە ئێران لەپشت وروژاندنی ئەو بابەتەوەیە ، تا گوشار بخاتە سەر حكومەتی بەغدا بۆ ئەوەی سنووری خۆی بەشێوەیەكی سروشتی لەگەڵ ئوردن نەكاتەوە .

پێشتر رۆژنامەی "عوكاز"ی سعودی بڵاوكردەوە، كە عادل عەبدولمەهدی لەلایەن چەند كوتلەیەلی سیاسی ناو پەرلەمانەوە رووبەرووی گوشار بووەتەوە بۆ ئەوەی لەبەرانبەر جێبەجێكردنی رێكەوتنە ئابووریی و بازراگانییەكانی نێوان بەغدا و عەممان ، ئەو وڵاتە ناچار بكات بەرهەڵستكارە عێراقییەكان، لەسەرووی هەموویانەوە رەغدی كچی سەددام حوسێن رادەستی بەغدا بكاتەوە .

بەپێی رۆژنامە سعودییەكە، لەبەرانبەر ئەو هەوڵانەدەدا حكومەتی بەغدا رەتیكردووەتەوە دۆسییە ئابووری و بازرگانییەكان بە دۆسییەی بەرهەڵستكارە عێراقییەكانی نیشتەجێی ئوردن یان هیچ كام لە دۆسییە سیاسییەكانی ترەوە ببەستێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی