ئێران لەسەر داوای حەشدی شەعبی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەسەر سنووری عێراق جێگیردەكات

عیراق

20/08/2019‌ 1759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی "جەریدە"ی كوێتی لەراپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، كە هاوكات لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكاو زیادبوونی لێكەوتەكانی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی ئێران لە عێراق ، تاران دەستی كردووە بەگواستنەوەی بەشێك لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی  بۆ سەر سنوورەكانی لەگەڵ عێراق .

رۆژنامەكە بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەكی ناو سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە، ئێران دەستی كردووە بە گواستنەوەی راداری ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و  سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەجۆری "خوردادی سێ"، ئەو سیستەمەی فرۆكە بێفرۆكەوانە ئەمەریكییەی لەئاوەكانی كەنداو خستە خوارەوە، ئەوەش لەسەر داوای هێزەكانی حشدی شەعبی و بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەی فرۆكە ئیسرائیلییەكان لە عێراق .

سەرچاوەكەی سوپای پاسداران باسی لەوەش كردووە، كە تاران پێشنیازی ئەوەی بۆ لایەنی عێراقی كردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی بكرێت، بەو مەرجەی ئێرانییەكان خۆیان لەعێراق كاری پێبكەن .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو سیستەمەی ئێران لەسەر سنوورەكانی عێراق جێگیری كردووە، دەتوانێت لەمەودای ٤٠٠ كیلۆمەتر ئامانجەكانی بدۆزێتەوە، دەشڵێت: هێشتا عێراق هیچ رەزامەندییەكی بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی پیشان نەداوە، بەڵام تەنیا رێگا بۆ پارێزگاریكردن لە هاوپەیمانەكانی ئێران لەعێراق بەوە دەبێت، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پڕچەك بكرێن، تا بتوانن لەخاكی عێراقدا بەرپەرچی هێرشی فرۆكەكانی دوژمن بدەنەوە.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، كە لەئێستادا ئاسمانی ئەمەریكا بەتەواوەتی لەژێر سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمەریكادایە، هیچ فرۆكەیەك بێ رەزامەندی ئەوان ناتوانێت بفرێت، ئینجا سوپای پاسداران دڵنیایە، كە ئەو هێرشانەی كراوەتە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لە عێراق بە فەرمانی ئەمەریكییەكان بووەو دەبێت حەشدی شەعبی هۆشداری بدات بە ئەمەریكییەكان بەوەی ئەگەر جارێكی تر هێرش بكرێتەوە سەر پێگەكانیان ئەوە ئەوانیش سەرباز و بنكە سەرازییەكانی ئەمەریكا بەئامانج دەگرن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی