ئەگەری هێرشی هاوبەشی ئێران‌و توركیا بۆ ناوچەكانی هەرێم هەیە

کوردستان

20/08/2019‌ 1467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
شارەزای ئەمنی عێراقی واسیق هاشمی دەڵێت: دوور نییە ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەپرۆسەی سەربازی وەڵامی ئەو هێز و گرووپانەی لەناو خاكی كوردستانی عێراقن و چەكیان دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگرتووە بداتەوە، ئاماژە بۆئەوەش دەكات بەهەماهەنگی تاران و ئەنقەرە رووبەڕووی ئەو هێزە بەرهەڵستكارانە دەبنەوە، كە بنكەو بارەگایان لەناوچەی هەولێر و سلێمانین.

هاشمی لەلێدوانێكدا بۆ میدیاكانی روسیا دەشڵێت: ناوچەكانی باكووری عێراق كێشەیان هەیە، ناوچەی سلێمانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەهێزە، لەكاتێكدا پەیوەندییەكی سارد و سڕی لەگەڵ توركیا هەیە، بەپێچەوانەوە ناوچەی هەولێر پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە، كەچی لەگەڵ ئێران دردۆنگ و ساردن.

هاشمی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە چەند حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێرانی لە كوردستانی عێراقدان و ئیدارەی هەولێر پاڵپشتیان دەكات، ئەوە جگە لەوەی حیزبی كوردی توركیاش لەناوچەكەن، كە ئیدارەی سلێمانی و لایەنی ترەوە پشتیوانی دەكرێن، لەبەر ئەوە ماوە ماوە ئێران و توركیا هێرش دەكەنە سەر ناوچەكە .

سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ، هاشمی دەڵێت: هێرشی گریمانەكراوی ئێران یەكەم جار نییە، بەڵكو پێشتر ئەو وڵاتە چەندین جار  هێرشی كردووە، تەنانەت پێش مانگێك هێزەكانی ئێران دزەیان كردە ناو خاكی هەرێم، جگە لەوەی پێش ئەویش تۆپبارانكردن هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایە بەدووری نازانین هێزەكانی ئێران پرۆسەی پاكتاوكردن دژ بە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.

سەبارەت بەوەی، كە ئاخۆ لەو پرۆسە سەربازییانەدا ئێران و توركیا هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەكەن، هاشمی دەڵێت: "پێموانییە بەغدا هیچ هەماهەنگییەكی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە هەبێت، ئەوان هەركاتێك بیانەوێت دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و هیچ حسابێكیش بۆ بەغدا ناكەن، ئەوپەڕی عێراق دەتوانێت بەنگهێشتی باڵیۆزی توركیا لەبەغدا بكات و نارەزایەتی خۆیان پێبگەیەنێت.

هەروەها دەشڵێت: ئەگەری هەیە ئێران و توركیا لەنێوان خۆیاندا لەسەر ئەو پرۆسە سەربازییانەی لەكوردستانی عێراق ئەنجامی دەدەن هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، سەرەرای ئەوەی لەچەندین بواردا ناكۆكی‌و جیاوازیان هەیە، بەجۆرێك توركیا دەڵێت: كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی هێزە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی توركیا دەكات، لەبەرانبەریشدا تاران ئەنقەرە بەوە تۆمەتبار دەكات، كە یارمەتی پارتە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی ئێران دەدات، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، كە هەماهەنگی لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا نییە .

ئەو شارەزا ئەمنییە عێراقییە ئەوەش دەڵێت: واشنتۆنیش یارمەتی هەندێك پارتی كوردی بەرهەڵستكاری ئێرانی دەدات ، كەچی سەبارەت بە پارتی كرێكارانی كوردستانی نەیاری توركیا، یارمەتی ئەنقەرە دەدات .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی