وەزارەتی پەروەردە: سێ ئەندامی کۆنتڕۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان سزادراون

کوردستان

20/08/2019‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرایکرد، بەھۆی ئەو کەموکووڕیانەی لە پرسیارەکانی ئەزموونی ئەمساڵی ١٢ی ئامادەیی ڕوویان داوە سێ کەس سزا دراون و دەشڵێ، لەمەودوا وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی، دووبارە نەبێتەوە.

بورھان ئەرگوشی، ڕاوێژکاری وەزارەتی پەروەردە بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاند، "دوای ئەوەی دەرکەوت لە ئەزموونەکانی نیشتمانیی ١٢ی ئامادەیی ھەندێ کەموکووڕی ھەیە و بەوھۆیەوە نیگەرانیی قوتابیانی لێ کەوتەوە، وەزارەتی پەروەردە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بەوردی لەسەر ئەو پرسە ڕاوەستا، چونکە وەزارەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانەوە بەرپرسە لە ھەر کەموکووڕییەکی کە ڕوو بدات."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی، وەزارەتی پەروەردە سێ ئەندامی کۆنتڕۆڵی ئەزموونەکانی سزا داوە بەھۆی ئەوەی ئەوان بەرپرس بوونە لەو کەموکووڕییانەی لە ئەزموونەکانی ١٢ی ئامادەییدا ڕوویان داوە و بەپێی یاسا سزا دراون."

بورھان ئەرگوشی دەڵێت: "مەبەست لە سزادانی ئەندامانی کۆنتڕۆڵی ئەزموونەکان بۆ ئەوە بووە جارێکی دیکە ئەوەی ڕووی دا لە کاتی دانانی پرسیارەکاندا دووبارە نەبێتەوە و وەزارەت کار بۆ ئەوە دەکات جارێکی دیکە ئەو ھەڵانەی ئەمساڵ ڕوویان دا بۆ ساڵانی داھاتوو دووبارە نەبنەوە و وەزیری پەروەردە ڕۆژانی ڕابردوو چەند بڕیارێکی لەو بارەیەوە دەرکردووە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی خستووەتە ژێر بەرپرسیارەتییەوە."
ه.م