پەرلەمانی كوردستان پێداچوونەوە بە نرخی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان دەكات

کوردستان

21/08/2019‌ 615 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان پێداچوونەوە بە نرخی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان دەكات و هەر خانوویەك بەپێی بەهای خۆی نرخی بۆ دیاریبكرێت.


سەفین گەردی بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری بەشارپرێسى راگەیاند پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و پێداچوونەوە بە نرخی تاپۆكردنی خانووەكان دەکرێت.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، لەبەر ئەوەى پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر پرۆژەکە هەیە بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیكدا، لیژنەی كشتوكاڵ  كۆببێتەوە.


بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری رونیشیکردەوە، ئەو نرخەی بۆ تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان دیاریكراوە گونجاو نییە، هەندێ زەوی كە  زیادەڕۆییەكەی لەسەر كراوە دوورە لە ناو شارەوە ئەو نرخە ناكات بۆ تاپۆكردنی دیاریكراوە.

 

هەروەها باسى لەوەشکرد، لیژنەی كشتوكاڵ لە دانیشتنی داهاتوودا، داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات هەر جێگایەك بەپێی نزیكی و گرنگی خۆی نرخی بۆ دیاریبكرێت.

س.هـ