عێراق لەقەدەغەكردنی هاوردەی مریشك و هێلكەی توركی بەردەوام دەبێت

عیراق

21/08/2019‌ 501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزارەتی كشتواڵی عێراق رایگەیاند، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی مریشك و هێلكە لەوڵاتی توركیا بەردەوام دەبێت  .

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەبەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، ساڵح حوسنی، وەزیری كشتوكاڵ لەمیانی پێشوازیكردنی لە فاتیح یڵدزی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا جەختیكردووەتەوە، كە لەبەر زۆری بەرهەمی ناوخۆیی، عێراق بەردەوام دەبێت لە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە دەرەوە.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، رێگە بە هاوردەكردنی پارچە و دروستكراوەكانی گۆشتی مریشك دەدرێت، بەڵام لەسەر راسپاردەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران‌و لەبەر زۆری بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەكردنی مریشك‌و هێلكە لەدەرەوە ڕێگەی پێنادرێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە باڵیۆزی توركیا بانگهێشتی وەزیری كشتوكاڵی عێراقی كردووە تا سەردانی توركیا بكات و لەنزیكەوە چاوی بە كەرتی پەلەوەر لە توركیا بكەوێت، بەتایبەت لە شاری ئەفیون، كە پارێزگایەكە بە بەخێوكردنی مریشك و بەرهەمهێنانی هێلكە بەناوبانگە .

باڵیۆزی توركیا راشیگەیاندووە، كە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی توركیا چاوەڕێی سەردانی وەزیری كشتوكاڵی عێراق دەكەن، بەڵام لەبەرانبەردا وەزیری كشتوكاڵی عێراق رایگەیاندووە، لەئێستادا عێراق هیچ پێویستی بە مریشك و هێلكەی توركی نییە .

پێشتر عێراق یەكێك بوو لە هاوردەكارە سەرەكییەكانی مریشك و هێلەكەی توركی، بەڵام لەدوای بریاری حكومەتی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە لە توركیا ، ئەو كەرتە ئابوورییەی توركیا زیانێكی زۆر گەورەی بەركەوتوو، نرخەكەشی لەناوخۆی توركیا زۆر دابەزیوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی