شارپرێس:
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه بڵاویكرده‌وه، ئیسرائیل بۆ لێدان له كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی ئێران فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ڕه‌وانه‌ی ئاسمانی عێراق كردووه.
كه‌ناڵه‌كه له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه، ڕۆژی 19ی ته‌مموز ئیسرائیل به‌فه‌رمی ئاسمانی عێراقی بۆ لێدان له بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌و وڵاته به‌زاندووه.
ئه‌وه‌ش ئاشكرابووه، ئیسرائیل سێ ئامانجی له به‌زاندنی ئاسمانی عێراق هه‌یه، یه‌كه‌میان ڕێگریكردن له بوونی كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و موشه‌كه بالیستییه‌كانی ئێران له عێراق، كه له ڕێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه بۆ سوریا و پاشان بۆ حزبوڵا له لوبنان بگوازرێته‌وه.
ئامانجی دووه‌م و سێیه‌میش بریتییه له ڕێگریكردن له دانانی سه‌كۆی موشه‌كی له‌خاكی عێراق و بۆردومانكردنی ئیسرائیل له‌و ڕێگه‌یه‌وه، هه‌روه‌ها ئامانجی سێیه‌م وێرانكردنی ئه‌و شوێنانه‌یه له عێراق كه ئێران بۆ په‌ره‌پێدانی موشه‌ك دروستیكردون.
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ئیسرائیل ته‌واوی بوونی سه‌ربازیی ئێرانی له‌ڕووی موشه‌كه‌وه وێرانكردووه، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه له‌عێراق هه‌مان كار ئه‌نجامبدات.
ڕ . ج