هاوپەیمانییەكی چینی گورزی كەمەرشكێن لە "واتساپ "و "ماسنجەر" دەدات

هەمەڕەنگ

22/08/2019‌ 1275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، كە هاوپەیمانی سێ كۆمپانیای تەكنەلۆژی چینی گورزێكی كەمەرشكێن دەبێت لەئەپڵیكەیشنە جیهانییە ناودارەكانی وەك ماسنجەر و واتساپ .

پێگەی تەكنیكی تایبەتمەندی  "جی ئێس ئێم ئارینا" بڵاویكردەوە، كۆمپانیای "شاومی" چینی هاوپەیمانییەكی لەگەڵ كۆمپانیا تەكنەلۆژییە چینییەكانی وەك  "Oppo" و " Vivo" كردووە بۆ دروستكردنی سەكۆیەكی نامەناردنی تایبەت بە مۆبایلەكانی ئەو سێ كۆمپانیا تەكنەلۆژییە .

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، لەڕێگای ئەو سەكۆ تایبەتەوە دەتوانرێت زۆر بەئاسانی فایل و وێنە و ڤیدیۆی پێ بنێردرێت‌و ئاڵوگۆری پێبكرێت، ئەویش تەنیا بە هاوپێچكردنی فایلەكە و ناردنی بۆ هەژمارێكی تایبەتی مۆبایلی یەكێك لەو سێ كۆمپانیایە .

هێشتا ئەو سەكۆ سێ لایەنییە لە قۆناغی پەرەپێداندایە و تاقیكردنەوەو بەرنامەبۆدانانی شاومی و ئۆپپۆ و ڤیڤۆدایە.

تایبەتمەندییەكانی ئەو سەكۆیە ئەوەیە، كە نە وزەی پاتری مۆبایل خەرج دەكات نە ئینتەرنێتی دەوێت، هیچ پێویستیشی بە ئەپڵیكەیشنی دەرەكی نییە، بەڵكو تەنیا پشت بە تەكنیكی بلوتووسی تایبەت بەو مۆبایلە دەبەستێت، كە خێراییەكەی دەگاتە ٢٠ مێگابایت لەیەك چركەدا .

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو ئەپڵیكەیشنە چینییە وەك گورزێكی كەمەرشكێن دەبێت بۆ ئەپڵیكەیشنەكانی بواری ناردنی نامەی خێرای وەك واتساپ و ماسنجەر فەیسبووك .

وەرگێڕان:  ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی