هێزەكانی سوریای دیموكرات شوێنەكانیان لەناوچەی ئارام چۆڵ دەكەن

کوردستان

24/08/2019‌ 1595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستیان كردووە بە چۆڵكردنی شوێنەكانیان لە ناوچەی ئارامی باكووری سوریا، كە ئەنقەرەو واشنتۆن لەسەر دروستكردنی رێككەوتوون.

لە بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لەسەر ئەژماری تایبەتییاندا لە تویتەر هاتووە: لە ماوەی تێپەڕینی 24 سەعات بەسەر پەیوەندنی تەلەفۆنی نێوان وەزیری بەرگری ئەمریكاو هاوتا توركییەكەی دەرەبارەی ئاسایش لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەستاون بە چۆڵكردن و تێكدانی شوێنەكانیان.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، ئەو رێكارە ئەوە دەسەلمێنێت هێزەكانی سوریای دیموكرات دەیسەلمێنن پاڵپشتی جێبەجێكردنی میكانیزمی ناوچە ئارامەكە دەكەن.

لەگەڵ بەیاننامەكەدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا وێنەیەكی فۆتۆگرافییان هاوپێچ كردووەو تێیدا دەردەكەوێت پرۆسەی تێكدانی شوێنەكانی هێڵی پێشەوە لەژێر سەرپەرشتی سەبازەكانی ئەمریكادا بەڕێوە دەچێت.

دوو رۆژی رابردوو وەزیری بەرگری ئەمریكا مارك ئیسپەر و وەزیری بەرگری توركیا خەلوسی ئاكار لە میانی قسەكردنیاندا میكانیزمی رێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكایان راگەیاندووە، بەوەی سنووری نێوان توركیا و سوریا بپارێزن و ژمارەی ئەو پرۆسانەی لەسەری رێكنەكەوتوون كەم بكەنەوە كە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا نییە.

لای خۆیەوە دیمەشق بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە ئەم رێككەوتنەی رەتكردووەتەوە، بەوەی پێشێلی سەروەری سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی دەكات و پێشێلكردنی یاسای نێو دەوڵەتیە.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا