دوای هێرشەكەی سەر سوریا.. حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات

جیهان

26/08/2019‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەك لە سوریا ، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی بەزمانێكی توند هەڕەشەی لە ئیسرائیلییەكان كرد .

نەسروڵڵا لەلێدوانێك وتی: بەدانیشتووانی باكووری فەلەستینی داگیركراو دەڵێم ئاسوودە مەبن و دڵنیا مەبن و بڕوا مەكەن، كە حیزبوڵڵا ڕێگە بە ڕێبازێكی لەو جۆرە بدات.

نەسروڵڵا ئەو قسانەی لە ڤیستیڤاڵێكی جەماوەری كرد، كە بەبۆنەی بیرهێنانەوەی ئازادكردنی "جروود" لەتیرۆریستان ساز كرابوو، تییدا وتی: ئەو رۆژگارە بەسەرچوو ئیسرائیل لوبنان بۆردومان بكات و خۆشی لەئاسایشدا بێت.

ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەبێت سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوور چاوەرێی وەڵامێكی خێرا بكات، وتیشی: هێزەكانی حیزبەكەی پارێزگاری لە لوبنان دەكەن لە زەوی و دەریا و لە ئاسمانیش .

شەوی رابردوو ئیسرائیل لەنزیك دیمەشق هێرشی كردە سەر ئامانجێك، لەو بارەوە دیمەشق رایگەیاند، كە ئەوان لەرێگای سیستەمی بەرگرییەكانیان بەرپەرچی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، جەختیشیكردەوە، دژە ئاسمانییەكان توانیویانە ژمارەیەك موشەكی ئیسرائیلی لە باشووری رۆژئاوای سوریا تێكبشكێنن .

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوپای لوبنان رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو فرۆكەی بێفرۆكەوانی دیدەوانی ئیسرائیلی ئاسمانی لوبنانیان بەزاند لەبەشی باشووی بەیرووت، یەكەم فرۆكەیان خرایە خوارەوە و دووەمیشیان هەر لەئاسمان تەقێنرایەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی