تەیب جەبار: بەنابەدڵی پۆستی پارێزگاری كەركوكم قبوڵ كرد

عیراق

26/08/2019‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەردەوام بەكڵاوەوە دەردەكەوێت‌، كە رەنگە زۆر كەس پێیوابێ‌، ئەمە شتێكی تەقلیدیی نێو نووسەران و شاعیرانی كوردبێت، كە ئەو جۆرە كڵاوە دەكەنە سەریان، بەڵام ئەو دەڵێت: ماوەی سێ‌ چوار ساڵە تووشی حاڵەتێك بووە ئەگەر كڵاوەكەی دابنێت‌، سەری هەست بە سەرما دەكات و دوای نیو سەعاتێك تووشی ژانەسەر دەبێ‌.

تەیب جەبار، كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە گوندی تەپەلوو لەدایكبووە و لە ساڵی 1963 جێیهێشتووە، گوندەكەی ئێستا چۆڵە، ئەو لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) باسی چەند لایەنێكی ژیانی خۆی دەكات.

 تەیب جەبار دوای ئەوەی چووەتە كەركوك، ئەو كاتانەی لە قوتابخانە نەبووە، لە چایخانەی دوو برا گەورەكەی (تاهیر و زاهیر) كاری كردووە، كە لەبیریەتی دووكاندارەكانی دەروبەری چایخانەكە كورد و توركمان و ئاسووری بوون، تەنیا یەك دووكانداری عەرەبی لێبووە، ئەویش خەڵكی كەركوك نەبووە. 

 دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 دەبێتە ئەندامی یەكێتی قوتابیان، بەڵام نەبووەتە ئەندامی پارتی، دواتریش تێكەڵ بە حەڵقە رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان بووەو بووەتە ئەندامی كۆمەڵە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت: لەبەر هەندێك هۆكاری فیكری و ململانێ، لە كۆتایی 1979 وازی لە كۆمەڵەش هێنا و لەوكاتەوە تا ئێستا وازم لەحیزبایەتی هێناوە".
 
بەڵام نایشارێتەوە كە یەكێتییە و دەڵێت: پەیوەندیم لەگەڵ یەكێتی هەیە، بەڵام ئیشی حیزبی ناكەم، هاتووچۆم دەكەن، هاتووچۆیان دەكەم و راوێژم پێدەكەن، چونكە من پێنج ساڵ لە پشكی یەكێتی بریكاری وەزیر بووم، مرۆڤ ناكرێ‌ بێوەفا بێ‌، هەروەها من 19 ساڵ كۆمپانیایەكی ئەندازیاری سكرتاریەتی مام جەلالم بەڕێوەبردووە".

تەیب جەبار، كە ئەندازیارە، دەشڵێت: تا ئێستا چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەی كردووە لەسەر مەسەلەی شار، ئەندازیاری و پرۆژە، كتێبی لەو بوارەشدا هەیە، یەكێكیشە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی ئەندازیارانی كوردستان و دوو ساڵ سەرۆكی یەكێتییەكە بووە، هەر ئەمەش كردوویەتییە ناوێكی دیار و ناسراو.

دوای دانوستاندنێكی زۆری پارتی و یەكێتی و رەتكردنەوەی چەندین ناو، كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی پارتی كردبوون، دواجار پارتی بە كاندیدكردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رازی بوو.

تەیب جەبار هەروەها دەڵێت: پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی هەیە، ئەوان پێشتر چەند جارێك داوایان لێكردووە، كە ببێ‌ بە سەرۆكی شارەوانی كەركووك، بەڵام قبوڵی نەكردووە، سەبارەت بە كاندیدكردنی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوكیش دەڵێت: "برادەران گوشارێكی زۆریان لێكردم".

تەكلیفەكە لەلایەن حیزبەوە بوو، پاساوی زۆریان هێنایەوە، وتیان بارودۆخەكە ناسكە، تۆ كوردیت و خەڵكی كەركوكی، "پێویستمان پێتە. من ئیحراج بووم، ئەگینا حەزم لێ نییە، تاوەكو كاتی هەڵبژاردن وەعدم داوە". ئەو دەڵێت "بە نابەدڵی ئەو داواكارییەم قبوڵ كرد".

یەكێك لەو كارانەی جێی پەنجەی تەیب جەباری پێوە دیارە، شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموودە لە سلێمانی، كە لە ساڵی 1979 دروستكراوە، ئەو دەڵێت رژێم مەبەستی لەو شەقامە دروستكردنی تەوقێكی ئەمنی بوو بە دەوری شارەكەدا، لە دروستكردنی زۆربەی رێگا سەرەكییەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی و كەركوكیش كاری كردووە. تەیب جەبار دەڵێت: "چەند لە شیعر شارەزام، هێندەش لە ئەندازیاری شارەزام".

لەدوای راپەڕینیش بەشداری لە چەند پرۆژەیەكدا هەبووە و دەڵێت: "سكرتاریەتی مام جەلال كۆمپانیایەكی ئەندازیاری هەبوو، كۆمپانیایەكە بە ناوی منەوە بوو، 19 ساڵ كارم لەو كۆمپانیایەدا كرد، زۆر پرۆژەمان هەبوو، وەكو دروستكردنی خانوو بۆ دێهاتەكان، بارەگا حیزبییەكان، میوانخانەكانی مام جەلال لە دەباشان، دووكان، قەڵاچوالان، باڵەخانەی كوردسات". ئەو دەڵێت بەهۆی ئەوەی مام جەلال زۆر مەشغوڵ بوو بە سیاسەتەوە، بۆ پرۆژەكان زۆرتر پەیوەندی بە هیرۆخانەوە هەبووە.

هـ ـ ح

بەپەلە