هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ردانی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كه‌ركوك ئاشكرابوو

sharpress.net

822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

26/08/2019‌

شارپرێس:
وابڕیاربوو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ شاندێكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی شاری كه‌ركوك بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگه‌یاند، "ئەمڕۆ دوشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠١٩ کە بڕیار بو شاندی فراکسیۆنەکان سەردانی کەرکوک بکەین، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پاساوی بونی کۆبونەوەی (زەرور)ی خۆیان، ئامادەنەبون بێن لەگەڵمان! ئیتر پاساوەکەیان هەرچی بوبێت بایی ئەوە نەبو ئەو سەردانە گرنگە هەڵبوەشێتەوە!"

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "فراکسیۆنی پارتی و هاوپەیمانەکانی هەر لە سەرەتاوە ڕەتیانکردەوە بەشداری لەو شاندەدا بکەن بە بیانوی ئەوەی کە 'کەرکوک داگیرکراوە".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ

 بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ

بۆچی سەردانی فراکسیۆنەکان بۆ کەرکوک هەڵوەشایەوە؟!

لە ماوەی ڕابردودا هێزە سیاسییەکانی کەرکوک کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدابو، ڕێکكەوتبون لەسەرئەوەی سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و داوا بکەن کە شاندێک لەسەرجەم فراکسیۆنەکان پێکبهێندرێت و سەردانی شارەکە بکات تا لە نزیکەوە پشتیوانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بکەین و گوێ لە کێشەو داواکارییەکانیان بگرین بەتایبەت کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێکی نەخوازراو و نائاسایی لە شارەکەدا هەیە بەتایبەتی تریش تۆخبونەوەو سەرهەڵدانەوەی تەعریب .

بۆ ئەو مەبەستە نوێنەری هێزە سیاسییەکانی کەرکوک سەردانیان کردین و ئەرکی ڕێکخستن و پێکهێنانی ئەو شاندەیان خستەسەر شانی ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ .

ئەمڕۆ دوشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠١٩ کە بڕیار بو شاندی فراکسیۆنەکان سەردانی کەرکوک بکەین، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پاساوی بونی کۆبونەوەی (زەرور)ی خۆیان، ئامادەنەبون بێن لەگەڵمان! ئیتر پاساوەکەیان هەرچی بوبێت بایی ئەوە نەبو ئەو سەردانە گرنگە هەڵبوەشێتەوە!

لێرەوە بۆ ڕایگشتی رایدەگەیەنین کە:

یەکەم: فراکسیۆنی پارتی و هاوپەیمانەکانی هەر لە سەرەتاوە ڕەتیانکردەوە بەشداری لەو شاندەدا بکەن بە بیانوی ئەوەی کە (کەرکوک داگیرکراوە!).

دوەم: فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکگرتو  و شیوعی ئامادەبون بۆ ئەو سەردانە .

سێهەم: لە کۆتا ساتەکاندا فراکسیۆنی یەکێتیی لە بەشداریکردن و ئامادەبون بۆ سەردانی کەرکوک پەشیمان بونەوە!

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ بەوپەڕی پەرۆشیمانەوە بۆ دۆخی کەرکوک و خەمخۆریمان بۆ هاوڵاتیانمان لەو شارە، شانمان دایە بەر ئەو ئەرکە، بەڵام بەداخەوە شکستیپێهێنرا .

عەبدولستار مەجید
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان

ڕ. ج 
 






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved