لە هەندێ ناوچە داعش سەرى هەڵداوەتەوەحکومەتى هەرێم داواى هەماهەنگى زیاترى پێشمەرگەو سوپاى عێراق دەکات

sharpress.net

326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

27/08/2019‌

شارپرێس:

وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت کابینەى نۆیەم کار دەکات بۆ رێکخستنەوەو یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەو شاندێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراقیش سەردانى هەولێر دەکات.

رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەمیانى دەرچوونى ژمارەیەک ئەفسەرى زێرەڤانى راگەیاند" ئێمە داوا لە ئەمریکاو حکومەتى عێراق دەکەین کە ئاگادارى زیاتر هەبێت لەنێوان پێشمەرگەو سوپاى عێراق لەو ناوچانەى تازە لەدەستى داعش رزگار کراون، چونکە هێشتا داعش لەناو نەچووەو لە هەندێ ناوچە سەریان هەڵداوەتەوە".

 

وەزیرى ناوخۆى هەرێم بەناوى حکومەتى هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەرێمى کوردستان پابەندە بە رووبەرووبوونەوەى تیرۆر و بەتایبەت لەناوبردنى چەکدارو پاشماوەکانى داعش.

 

رێبەر ئەحمەد داواشى کرد پەلە بکرێت لە ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و گەڕانەوە پیشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

 

وەزیرى ناوخۆ وتیشى"چاوەڕێی حکومەتى عێراق دەکەین بۆ ئەوەى ئەو لێکتێگەیشتنەى لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە جێبەجێ بکرێت".

 

لەبارەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەش وەزیرى ناوخۆ جەختکردەوە لە کابینەى نۆیەمدا بەتایبەت لەلایەن سەرۆکى حکومەتەوە هەوڵى جدى هەیە بۆ رێکخستنەوەو یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەو هەیکەلیەتى وەزارەتى پێشمەرگە.

 

لەلایەکى ترەوە وەزیرى ناوخۆ بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن. 

 

هەروەها رێبەر ئەحمەد باسى لەوە کرد، شاندەکە تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆ و تایبەتریش دەبێت بە گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وەزارەت. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆی ئەو کێشانە بکەن کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن.

س.هـ






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved