تەلەسكۆپی جێمس وێب ئامادەیە بۆ تاقی كردنەوەكانی كۆتایی‌و هەڵدان

هەمەڕەنگ

29/08/2019‌ 374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەلەسكۆپی جێمس وێب بەتەواوی و سەدا سەد پارچەكانی بەیەكەوە بەستراوە و ئامادەیە بۆ تاقی كردنەوەكانی كۆتایی‌و هەڵدان.

جێمس وێب سەد ئەوەندەی تەلەسكۆپی هابڵ بەهێزتر و هەستیارترە، هەرە ئاڵۆزترین ئامێر و تەكنەلۆژیایە، كە تا ئێستا بەدەستی مرۆڤ دروستكرابێت، لوتكە و نوێترینی هەموو تەكنۆلۆژیاكان، كە لەبەردەستی ئەمەریكا و جیهانە تیایدا بەكارهاتووە.

جێمس وێب دەتوانێت پشكنین بۆ نیشانە بایۆلۆژییەكانی هەسارە دوورەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر بكات، لەوانەیە بۆ یەكەمجار پرس‌و ئەگەری ژیان لەهەسارەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆری واتە لەنێو گەلەئەستێرە یەكلایی بكاتەوە.

ئەو تەلسكۆبە چاوی ئێمە دەگێڕێتەوە بۆ سەرەتای تەقینەوە گەورەكە، بۆ تەنیا نزیكەی 300 هەزار ساڵ دوای دروستبوونی گەردوون، چاوەڕوان دەكرێت گەلێك لەنهێنییەكانی گەردوونمان بۆ ئاشكرا بكات. 

هەروەها وەڵامی هەندێك لەو پرسیارە قورسانەمان بۆ بداتەوە، كە لەوەتەی هەڵدانی تەلەسكۆپی هابڵ لامان دروست بووە.

جێمس وێب جگە لە بینینی تیشكی بینراو توانای بینینی تیشكەكانی خوار سوری نێو گەردوونیشی هەیە، لە خولگەیەكیش جێگیر دەكرێت بەدەوری خۆر، كە لەدووری نزیكەی یەك ملیۆن و نیو كیلۆمەتر دەبێت لە گۆی زەوی، لەڕاستیدا لەگەڵ گۆی زەوی وەك پاشكۆیەك لەو خولگەیە وەكو گۆی زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

بەپێی خشتەی ناسا چاوەڕوان دەكرێت تەلەسكۆپی جێمس وێب لەبەرواری 30 ی ئازاری ساڵی 2021 هەڵبدرێت بەرەو بۆشایی ئاسمان لەخولگەكەی جێگیربكرێت.

وەرگێڕان: لوقمان حەوێز