بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌فه‌رمی ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ كاندیدانی پۆستی رێكخەری گشتی كرده‌وه‌

sharpress.net

322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

04/09/2019‌

شارپرێس:
هه‌فته‌ی داهاتوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێن، له‌ئێستاشدا بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ كاندیدانی پۆستی رێكخەری گشتی كرده‌وه‌.

میدیای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكرده‌وه‌، كاتژمێر (8:00)ی به‌یانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەرگای خۆپاڵاوتنی بە روی كاندیدانی پۆستی (رێكخەری گشتی، خانەی راپەڕاندن، دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی)دا كرایەوە و پرۆسەى وەرگرتنى کاندیدان بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت، دوای داخستنی دەرگای خۆكاندید كردن ناوی كاندیدەكان ئاشكرا دەكرێن و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێن. 

بەپێى رێکارەکان سەرەتا لە رۆژى (12/9/2019) هەڵبژاردنى دەستەى نوێى سەرۆکایەتى جڤاتى گشتى لەناو خودى جڤاتەکەدا هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکى جڤاتى گشتى دەبێتە ئەندامى خانەى راپەڕاندن، بەپێی ئەو رێنماییانەش کە لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا پەسەندكران رۆژی (14/9/2019) ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێن کە بەپێی دەستوری بزوتنەوەى گۆڕان، ئەندامانی هەرد و جڤاتی نیشتمانی و گشتی و كەسایەتییە دیارەكانی بزوتنەوەكە دەتوانن خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید بكەن.

پێشتریش رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى گۆڕان بە میدیای حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندبوو، پڕۆسه‌ی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بە سەرپەرشتی دادوەرێک ئەنجام دەدرێت.

ڕ . ج





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved