عێراق یەكەم بارە نەوتی كەركوك بەرەو ئوردن ڕەوانە دەكات

عیراق

05/09/2019‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق یەكەم بارە نەوتی لەڕێگەی دەروازی سنووری "تڕێبیل"ەوە بەرەو شاری زەڕقای ئوردون بەڕێكرد، ئەمەش وەك پڕكردنەوەی بەشێك لەپێداویستییەكانی سووتەمەنی شاری عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتە.

ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا لولەبۆری بەسڕە - عەقەب زۆری ماوە تەواو بێت، لەبەرانبەریشدا ئوردون وزی كارەبا بە عێراق دەدات، لەولاشەوە ڕوسەكان كار لەسەر لولەبۆری كەركوك – بانیاس دەكەن، كە خزمەت بە بواری نەوتی ئێرانیش دەكات كە تاران دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە نەوت هەناردەی ئەوروپا بكات.

لەو بارەوە هالە زەواتی وەزیری وزە و سامانە كانزانییەكانی ئوردون ڕایگەیاند، دەستیان بە هاوردەكردنی نەوتی عێراق كردووە و ئەمەش بەشێك لە پێداویستییەكانی نەوتی خاوی ئوردون پڕدەكاتەوە.

هالە زەواتی راشیگەیاند، یەكەم بارە نەوتی عێراقی لە بێجییەوە بەرەو پاڵاوگەیەكی شاری زەڕقا‌و بەرێدەكرێت، ئەم مامەڵەیەش لەچوارچێوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان عیراق و ئوردندایە، كە لە 2 ی فبرایەری ڕابردوو واژووكراوە. 

بە گوێرەی یاداشتنامەكە، ئوردون ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هاوردە دەكات، كە 7% ی پێدایستییە وزەییەكانی پڕدەكاتەوە، كە ئەو وەزیرە ئەوەشی راگەیاندووە، بەگوێرەی ڕێككەوتنی هەردوولا، دەكرێت ئەو بڕەیە زیاد بكرێت.

زەواتی ئەو هێڵەی نەوتییە وشكانییەی بە گرنگ وەسفكرد، 200 نەوتگوێزەرەوەی ئوردونیش ئەو بڕە نەوتە دەگوێزنەوەو باسی لەوەش كرد، هاریكاری نێوان هەردوو وڵات لە بواری وزەدا تەنیا هەر هاوردەكردنی نەوت ناگرێتەوە، لولەبۆرییەكی دیكەش لە بەسڕەوە بەرە و بەندەری عەقەبی‌ ئوردونی ڕادەكێشرێت، تۆڕێكی كارەبای هاوبەشیش لەنێوان هەردوولادا دروست دەكرێت و لە ڕێگەیەوە ئوردون وزەی كارەبا هەناردەی عێراق دەكات.

بە هۆی هاتنی داعشەوە، لە ساڵی 2014 سنوری نێوان هەردوو وڵات داخرا  و بەمەش زیان بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوولا گەیشت، بۆیە عێراق پشتی  بە هاوردەكردنی كاڵا و كەلوپەلەكانی لە ئێران و توركیا بەست . 

لەلایەكی دیكەشەوە ڕوسیا گرنگی بە لوولەبۆری نێوان كەركوك – بانیاس سوری دەدات، ڕوسیاش ڕێككەوتننامەیەكی لەگەڵ ئێراندا واژووكردووە، كە لەم ڕێگەیەوە نەوتی ئێران هاوردەی ئەوروپا بكرێت. 

ئەم هێڵەش‌ لە دەرەوەی سنوری قەڵەمڕەووی هەرێمی كوردستان ڕاكێشراوە، حەمزە جەواهیری شارەزای بواری نەوت لەو بارەوە دەڵێت: خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەدەن تەواوبوونی ئەو هێڵە نەوتییە، كە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل دەگوازێتەوە، حكومەتی عێراق ناچار بەوە دەكات بەرهەمی نەوتی باشوور بە نزیكەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەم بكاتەوە.

سەرچاوە پێگەی ئەلعالەم 
وەرگێڕان:  لوقمان حاجی قادر