پارتى: بە زەلیلى ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ کەرکوک

عیراق

06/09/2019‌ 1169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگه‌یاند، بەپێویستى ده‌زانن حیزب و لایەنە کوردیەکان یەک هەڵوێست بن، بۆ بەشداریکردن یاخود رەتکردنەوەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە بڕیارە ساڵى داهاتوو ئەنجام بدرێت.

خەسرەو گۆڕان، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وتووه‌، "گەلەکۆمەیەکى گەورە بەرامبەر بە کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەڕێوەیە، گەر بە یەکدەنگى و ستراتیژیەتێکى نوێوە هەنگاو نەنێین، زۆرینەى ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست دەدەین".

خەسرەو گۆڕان، ئاشکرایکرد سەرکردایەتى حیزبەکەى، تاوتوێى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کردووە،وتى"لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان قسە دەکەین، بۆ ئەوەى گەر بەشدارى هەڵبژاردنمان کرد، بەیەک لیست بەشداربین، چونکە پەرتەوازەیى و دەنگ کەم هێنان، بۆ داهاتووى کورد لەو ناوچانە خراپە."

سەبارەت بە چۆنیەتى بەشداریکردنى پارتى لەهەڵبژاردن، لەکاتێکدا هێشتا بارەگایان بۆ کەرکوک و بەشێک لەناوچە کێشەلەسەرەکان نەگەڕاندۆتەوە، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى، وتى"ئەوە یەکێکە لە کۆسپە گەورەکان، لە ڕووى حیزبى و ئیداریەوە لەو ناوچانە ئامادەیمان نیە، لەموسڵ و شەنگال و ناوچەکانى تر پاشەکشەمان کردووە، گەر بەشدارى هەڵبژاردن بکەین یاخود نەیکەین، دەبێت هەموو لایەنە کوردیەکان پێکەوە بین."

وتیشى"گرنگە بارەگاکانمان ببەینەوە، بەڵام ئاسانیش نیە، چونکە حەشد بوونى هەیە، بۆ گەڕانەوە بە سەربەرزى، دەبێت گفتووگۆى چڕتر لەگەڵ بەغدا بکەین."

خەسرەو گۆڕان باسیلەوەشکرد، بەغدا بەئاسانى بە خواستەکانى حیزبەکەى لەناوچە کێشەلەسەرەکان ڕازى نابێت، وتى"ئێمەش بە زەلیلى ناگەڕێینەوە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، دەبێت بەسەربەرزى بگەرێینەوە، ئەگینا گەڕانەوە سودى نیە."
ه.م