مە‌حمود عوسمان: به‌ لابردنی عادل عە‌بدولمە‌هدى دۆخە‌کە‌ ئاڵۆزتر دە‌بێت

عیراق

07/09/2019‌ 413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مە‌حمود عوسمان سیاسە‌تمە‌دار و پە‌رلە‌مانتارى پێشووى عێراق ده‌ڵێت، پێیوایە‌ دۆخى ئێستاى عێراق، دۆخێکى ناسە‌قامگیرە‌، بۆیە‌ بە‌ لابردنى عادل عە‌بدولمە‌هدى دۆخە‌کە‌ ئاڵۆزتر دە‌بێت.

تادێت ژمارە‌ى ئە‌و لایە‌نە‌ عێراقیانە‌ زیاد دە‌بن، کە‌ سە‌نگە‌ر لە‌ عادل عە‌بدولمە‌هدى سە‌رۆک وە‌زیرانى عێراق دە‌گرن، بە‌ڵام لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا، دوورخستنە‌وە‌ى ناوبراو لە‌ پۆستە‌کە‌ى بە‌ئە‌ستە‌م دە‌زانرێت.

مە‌حمود عوسمان، سیاسە‌تمە‌دار و پە‌رلە‌مانتارى پێشووى عێراق به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌، پێیوایە‌ دۆخى ئێستاى عێراق، دۆخێکى ناسە‌قامگیرە‌، بۆیە‌ بە‌ لابردنى عادل عە‌بدولمە‌هدى،دۆخە‌کە‌ ئاڵۆزتر دە‌بێت.

وتیشی، "ئه‌گە‌ر عادل عە‌بدولمە‌هدى لاببرێت، بە‌ ئاسانى لایە‌نە‌کان لە‌سە‌ر کە‌سێکى تر بۆ شوێنە‌کە‌ى ڕێک ناکە‌ون، بۆیە‌ لابردنى ئاسان نیە‌."

هەوڵدانى سە‌رۆک وە‌زیران بۆ هەڵوە‌شاندنە‌وە‌ى حە‌شدى شە‌عبى و بێدە‌نگ بوونى بە‌رامبە‌ر بە‌ هێرشى فڕۆکە‌ "نە‌ناسراوە‌کان"بۆ سە‌ر جبە‌خانە‌کانى حە‌شد، هێندە‌ى تر هێزە‌ شیعیە‌کانى نیگە‌ران کردووە‌، بۆیە‌ قە‌یس خز عە‌لى سە‌رۆکى عە‌سایب ئە‌هلولحە‌ق، بە‌ئاشکرا ڕایگە‌یاند"مانگى 10 ى ئە‌مساڵ خۆپیشاندان دە‌ست پێدە‌کات و مانگى دواتر حکومە‌ت دە‌ڕووخێت."

سە‌رچاوە‌یە‌ک لە‌سە‌رۆکایە‌تى کۆمارى عێراق کە‌ داوایکرد ناوى بڵاونە‌کرێتە‌وە‌، بە‌دە‌نگى ئە‌مە‌ریکاى وتووه‌، "شیعە‌کان هە‌رچە‌ندە‌ لێى توڕە‌ن، بە‌ڵام پێناچێت هە‌وڵى لابردنى عادل عە‌بدولمە‌هدى بدە‌ن."

سە‌رچاوە‌کە‌، ئاماژە‌ى بە‌وە‌کرد شیعە‌کان نایانە‌وێت بە‌لابردنى عادل عە‌بدولمە‌هدى، لابردنى سە‌رۆک وە‌زیران بکە‌نە‌ نە‌ریت، وتى"گە‌ر لابردن ببێتە‌ نە‌ریت، ئە‌وا لە‌ داهاتوودا هە‌وڵى لابردنى سە‌رۆک وە‌زیران هێندە‌ دووبارە‌ دە‌بێتە‌وە‌، دۆخى عێراق هە‌رگیز سە‌قامگیر نابێت."

بە‌وتە‌ى سە‌رچاوە‌کە‌ى سە‌رۆکایە‌تى کۆمار، ئێرانیش پشتگیرى مانە‌وە‌ى عادل عە‌بدولمە‌هدى دە‌کات، چونکە‌ ترسى لە‌ دروستبوونى پشێوى و هێنانى کە‌سێک هە‌یە‌، کە‌ تە‌واو لە‌ بەرەی ئە‌مە‌ریکاوە‌ نزیک بێت.

هە‌رچە‌ندە‌ عادل عە‌بدولمە‌هدى لە‌بە‌ردە‌م هێرشێکى توندى رکابە‌رە‌کانیدایە‌، بە‌ڵام وڵاتە‌ زلهێزەکان و ئێران کۆکن لە‌سە‌رى و پە‌یوە‌ندیشى لە‌گە‌ڵ هەرێمى کوردستان بە‌هێزە‌.
ه.م