دوای ٧٥ ساڵ هێشتا پەیكەرەكەی هیتلەر لەپەرلەمانی فەرەنسا ماوە

جیهان

08/09/2019‌ 1245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای نزیكەی ٧٥ ساڵ لەكۆتایی هاتنی دووەمین جەنگی جیهانی، هێشتا نیوە پەیكەرێكی هیتلەر، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیركردنی فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە لەژێرزەمینی پەرلەمانی فەرەنسادا ماوە، ئەوەش پەرلەمانتارانی فەرەنسای تووشی سەرسوڕمان كردووە.

جیرار لارشیە سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا دەڵێت: ئەو نەیزانیوە ئەو نیوە پەیكەرەی بەرزییەكەی ٣٥ سانتیمەتر دەبێت‌و تایبەتە بە ئەدۆلف هیتلەر و ئاڵای نازییەكان لەكۆگاكانی كۆشكی لۆكسمبۆرگدا ماوە تا ئەوكاتەی رۆژنامەی "لۆ مۆمۆند"ی فەرەنسی ئەو زانیارییەی ئاشكراكردووە.

هێزەكانی سوپای ئەڵمانیای نازی لەماوەی نێوان ساڵەكانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٤ ئەو تەلارەیان دەستبەسەرداگرت و كردییانە بارەگای دەستەی ئەركانی هێزە ئاسمانییەكانی بەرەی رۆژئاوای سوپای ئەڵمانیا.

لارشیە دەشڵێت: داوام لە لایەنی پەیوەندیدار بە ئیدارەدانی باڵەخانەكە كردووە لێكۆڵینەوەی پێویست لەسەر ئەو پارچەیە بكەن، كە دۆزراوەتەوە، بروای خۆشی نیشاندا هیچ شتێك بە ئەنقەست نەشاردراوەتەوە و پێشتریش چەند جارێك تیمی تەلەفزیۆنی و رۆژنامەنووسی سەردانی تەلارەكەیان كردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی

بەپەلە