مەرجەكان رێگرن لەبەردەم رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەبارەی نەوت‌و بودجە

sharpress.net

2797 جار خوێندراوه‌ته‌وه

08/09/2019‌

شارپرێس:
ئەو مەرجانەی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت‌و بودجە هەیانە بوونەتە رێگر لەبەردەم هەولێرو بەغدا بۆ رێككەوتنی كۆتایی.

سەرچاوەیەكی بەرپرس‌و ئاگاداری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی تێدایە، كە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام چەند مەرجێكی هەیە.

سەرچاوەكە لەبارەی مەرجەكان ئاشكرایكرد، كە مەرجێكی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، دەبێت حكومەتی عێراق لەبەرانبەر رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان، جگە لەدابینكردنی بودجەی تەواوەتی هەولێر، پارەی ئەو چوار ساڵەش بنێرێت وەك بودجە بۆ هەرێم نەنێراوە.

لەساڵی 2014 بۆ 2018 حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی نەنارد، بەهۆی ئەوەی هەولێر راستەوخۆو بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی دەفرۆشت‌و بەغداش بەوە ناڕازی بوو.

سەرچاوەكەی شارپرێس باسی لەوەش كرد، بەغدا بەو مەرجەی هەولێر رازی نییەو بەواقیعی نابینێت، لەبەرانبەر جێبەجێكردنیشی، داوای كردووە، حكومەتی هەرێمیش دەبێت، داهاتی نەوتی ئەو چوار ساڵە رادەستی حكومەتی عێراق بكات.

لەبارەی ئەگەری رێككەوتن، سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، خواستێكی گەورە لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق بۆ رێككەوتن هەیە، بەڵام ئەو مەرجانە رێگری دروست كردووە، كە رەنگە گفتوگۆكانی داهاتوو ئەو كێشانەش چارەسەر بكات، چونكە بەغداو هەولێر هیچ رێگەیەكیان لەبەردەم نییە رێككەوتن نەبێت.

حكومەتی هەرێم‌و عێراق چەند ساڵێكە كێشەو ئاڵۆزی لەسەر نەوت‌و بودجەو چەند دۆسییەكی تر لەنێوانیان هەیەو ماوەیەكیشە هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسانە بگەنە رێككەوتن‌و كێشەكان چارەسەر بكەن.

هـ ـ ح





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved