توركمان داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان بەڕێژەی ٣٢% دەكات

عیراق

08/09/2019‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی توركمان وردەكاری كۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی كوردی لەگەڵ لایەنە توركمانییەكان ئاشكراكردو رایگەیاند، ئەوان رێككەوتنی هاوسەنگیان بۆ كەركوك دەوێت.

فەوزی ئەكرەم تەرزی یەكێك لەبەرپرسانی توركمان لە شاری كەركوك، وردەكاری كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی شاندی هاوبەشی كوردی لەگەڵ هێز و لایەنە توركمانییەكان ئاشكراكرد راشیگەیاند، "كوردەكانمان ئاگاداركردووەتەوە، كە قۆناغی سەپاندنی ئیرادە كۆتایی هاتووە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕێكەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان بەڕێژەی ٣٢% بۆ هەر پێكهاتەیەك".

تەرزی جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە قۆناغی سەپاندنی ئیرادە كۆتایی هاتووە دەبێت ئەوان بگەڕێنەوە دیموكراتییەت و ئیدارەدانی پارێزگاكە بەسازانی سیاسی لەرێگای كۆبوونەوەی لایەنەكان لە بەغدا.

ئەو بەرپرسە توركمانییە ئەوەشی راگەیاندووە، كە توركمان داوای پۆستی پارێزگاریان لە كورد كردووە وەك پشكی پێكهاتەكە، ئەوە سەرباری دابەشكردنی پۆستەكانی تری پارێزگاكە لەنێوان هەرسێ پێكهاتەی كوردی و عەرەبی و توركمانی بەڕیژەی ٣٢% و پشك ٤% بۆ پێكهاتەی مەسیحی.

تەرزی هەروەها رایگەیاندووە، لەماوەی ساڵانی رابردوودا حكوومەتی فیدراڵی هۆكاری ئەو جیاكارییە و بێبەشكردنی پشكی توركمان بووە، ئێستاش بەغدا بەهەموو تواناوە هەوڵی جێگیركردنی داواكارییەكانی كوردەكان دەدات لەسە حسابی پێكهاتەكانی تری پارێزگاكە.

چەند رۆژی رابردوو شاندێكی كورد لەكەركوك لەگەڵ شاندێكی توركمانی كۆبوونەوە، ئەوەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك‌و دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ ئەو پارێزگایە.

هـ ـ ح