هەڵوێستی لایەنە كوردییەكان لەبارەی هەوڵەكان بۆ دورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی

عیراق

09/09/2019‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كوتلە كوردییەكان دەكرێن بەوەی ئەوان لەدژی لەسەركارلادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران وەستاون بە "درۆ " وەسف كردووە و دەڵێت: ئامانج لەو  بانگەشانە تۆمەتباركردنی كوردە، هەروەها جەخت دەكاتەوە عەبدولمەهدی پاڵێوراوی كورد نەبووە، بەڵكو پاڵێوراوی هاوپەیمانی بینا و ئیسلاح  بووە ، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن دەستبەرداری ببن و بۆ ئەوەش پاساوی بڕواپێكەر پێشكەش بكەن .

ئەمین لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" دەشڵێ: تۆمەتباركردنی كورد بەوەی ئەوان لەدژی لەسەركارلادانی عەبدولمەهدی وەستاون ناراستە و درۆیەكە ئامانج لێی تۆمەتباركردنی كورد و خودی عادل عەبدول مەهدییە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا موسەننا ئەمین دەڵێت: هەڵبژاردنی عادل عەبدول مەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بژاردەی ئێمە نەبووە، بەڵكو لەلایەن هاوپەیمانی بینا و ئیسلاح و بەدیاریكراویش هەڵبژاردەی پێكهاتەی شیعەیە، ئەگەر بیانەوێت لەپۆستەكەی دووری بخەنەوە ئەوە دەبێت پاساوی برواپێكەر  پێشكەش بكەن، دواتر ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین و هەڵوێستی خۆمان لەبارەیەوە دەردەبڕین.

لەدریژەی لێدوانەكەیدا بۆ پێگە عێراقییەكە ئەمین باسی لەوەش كردووە، ئەوان وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زۆر لەئاستی كاركردنی عادل عەبدولمەهدی رازی نین، ئەوەش دەڵێت: بەڵام لەدژی لەسەركارلادانین و پێمان وایە دەبێت دەرفەتێكی تری پێبدرێت، لەبەر ئەوەی بڕوامان وایە دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆك وەزیران لەئێستادا دەمانخاتە ناو گێژاوێك و قەیرانێكی تازەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی