حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گرتووە.. پارتی داوای بارەگاكانی لەكەركوك دەكاتەوە

عیراق

09/09/2019‌ 905 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد كەمال سەرۆكی كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: پارتی دەیەوێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو باسی لەوەش كردووە، حەشدی شەعبی لەپارێزگای كەركوك دەستی بەسەر بارەگاكانی پارتیدا گرتووە.

محەمەد كەمال لەلێدوانێكدا دەڵێت: یەكەم هەنگاوی پێش دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی كوردی ئەوەیە گوشار لە حكومەتی فیدراڵی بكرێت بارودۆخی پارێزگای كەركوك  لەڕووی ئاسایشی و ئیدارییەوە ئاسایی بكاتەوە.

ئەو دەشڵێت: بەهۆی گۆڕینی دیۆگرافی و ساختەكاریكردن لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە بەهیچ جۆرێك لەئێستادا كەشەكە گونجاو نییە بۆ بەڕێوەجوونی هەڵبژاردن.

ئەو باسی لەوەش كردووە، پارتی هیچ بارەگایەكی نییە بۆ ئەوەی كارە حیزبییەكانی خۆی تێدا رایی بكات، لەبەر ئەوەی هێشتا بارەگاكانیان لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی حەشدی شەعبیدان.

كەمال ئاماژەی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ كردووە و دەڵێت: ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك بەشێكە لە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بەڵام یاسای هەڵبژاردنی نوێ سەرپێچیكردنی ماددەی ١٤٠ ی تێدایە، ئەمەش مانای وایە سەرپێچی دەستوورە و دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدارڵی، كە دانیناوە بەوەی ماددەی ١٤٠ پووچەڵ نەبووەتەوە و ماددەیەكی كارای دەستوورە .

پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای لە حیزبە كوردییەكان كرد، كە لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن‌و پارتیش بۆ ئەوە ئامادەیی هەماهەنگی نیشانداوە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی