مالیكی‌و عەبادی كار بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی دەكەن

عیراق

09/09/2019‌ 496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی لە پشتی پەردەوە هەوڵی لادانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق دەدەن و دەیانەوێت خۆیان جێگەی بگرنەوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی عێراق، كە پشتیان بەچەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بەستووە هەریەكە لە نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی، كە لە خولەكانی رابردوو سەرۆك وەزیران بوون بەجیا و لە پشتی پەردەوە لە هەوڵی ئەوەدان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق لەپۆستەكەی دووربخەنەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، مالیكی و عەبادی لەچەند ئاستێكەوە سەرقاڵی دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانن، لەسەر ئاستی پەرلەمان‌و لەسەر ئاستی ناوخۆی لایەنە شیعەكان، هەروەها لەرێی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانەوە.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسیان لەوەش كردووە، كە هەردوو سەرۆك وەزیرانەكەی پێشوو لەرێگەی ئێرانیشەوە هەوڵی جیاجیان هەیە بۆ ئەوەی بگەرێنەوە سەر شانۆی لوتكەی دەسەڵاتی عێراق.

لەلایەكی ترەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی عێراق دەنگۆی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیان بڵاوكردەوە، كە گوایە لەژێر فشاری لایەنە شیعەكان نامەی دەست لەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرۆك كۆمار كردووە، بەڵام نوسینگەی سەرۆك وەزیران ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی بیری لە دەست لەكاركێشانەوە نەكردووەتەوە.

هەروەها ئەو میدیا عێراقیانە باس لەوە دەكەن، كە مالیكی و عەبادی لەناو شەقامی شیعە هەوڵی هاندانی شەقام دەدەن بۆ خۆپیشاندان و دەربرینی ناڕەزاییەتی لە دژی سەرۆك وەزیران بەبیانوی ئۆپۆزسیۆن و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە.

هاوكات ئەو دوو سەركردەیەی عێراق هەریەكەیان هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەدات و لەناوخۆیاندا لە كێبڕكێی تونددان بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات.

نوری مالیكی لە ساڵی ٢٠٠٦ پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت  و دوو خول تا ٢٠١٤ سەرۆك وەزیران بوو، هەرچەندە هەوڵی زۆریدا بۆ خولی سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵام بەهۆی بوونی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە فشاری كورد نەیتوانی ئەوپۆستە وەربگرێتەوە.

حەیدەر عەبادیش ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ سەرۆك وەزیران بوو، ئەویش هەوڵی بێووچانیدا بۆ ئەوەی ببیتەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام هۆی پێداگیری كوردو خواستی ئەمریكا بۆ ئەو پۆستە قبوڵ نەكرایەوە.

س . هـ