حکومەتى هەرێم رەخنە لەشێوازى سەرژمێرى عێراق دەگرێت

عیراق

10/09/2019‌ 256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى حکومەتى هەر[ێمى کوردستان رایدەگەیەنێت،حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە  بەرچاو بگێرێن.

بەپێى راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکى حکومەت ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە، سەرژمێریی کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە  بەرچاو بگێرێن.

هەروەها مەسرور بارزانى جەختیکردوەتەوە، نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی  لە دژی هیچ پێکهاتەیەک بەکار بهێنرێت.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش  سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق. گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لە سەر بنەمای دەستوور و وتیشى"هیوادارین سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت".

س.هـ