ئەمریکا هۆشدارى توند دەداتە عێراق لەبارەى کڕینى سیستەمى بەرگرى ئێس400

عیراق

10/09/2019‌ 752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمریکا هۆشدارى توند دەداتە عێراق لەبارەى کڕینى سیستەمى بەرگرى ئێس400 لە روسیاو فشارەکانیشى بۆ رێگریکردن لەو کارە بەردەوامە.

میدیا عێراقیەکان بڵاویان کردەوە، پرسى کڕینى سیستەمى بەرگرى ئێس 400 لە روسیا لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئەمریکاى نیگەران کردوەو لەوبارەیەوە بەرپرسانى واشنتۆن هۆشداریان داوەتە حکومەتى عێراق مامەڵەیەکى لەو جۆرە نەکەن.

ئاماژەشیان بەوە کردوە، بەرپرسانى ئەمریکا فشار لە حکومەتى عێراق دەکەن ئەو سیستەمە لە روسیا نەکڕن، بەپێچەوانەوە عێراق زیانێکى زۆر گەورە دەکات.

لەلایەکى ترەوە بەدر زیادی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان دەسەڵاتی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-400ی داوەتە سەرۆك وەزیران.

ئەو پەرلەمانتارە ئاراستەیەکی بەهێز لە پەرلەمان هەیە، بۆ ئەوەی حکوومەت گرێبەستی کڕینی مووشەکی ئێس-400 لەگەڵ رووسیا واژۆ بكات.

کۆتایی مانگى رابردوو شاندێکى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى فالح فەیاز راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى سەردانى روسیاى کردو دواتر دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە ئەو سەردانە بۆ گفتوگۆکردن بووە سەبارەت بە کڕینى سیستەمى بەرگرى ئێس 400 لە روسیا.

س.هـ