بكوژی سپی.. چۆن شەكر كار لەمێشكمان دەكات‌و دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون؟

جیهان

11/09/2019‌ 1527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میشكی مرۆڤ لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە خانەی دەماری لەهەموو بەشەكانی تری جەستە وزە بەكاردەبات، ئەوەش وایلێدەكات نیوەی شەكری ناو جەستە لەسەر شێوەی گلوكۆز بەكارببات .

ئەركەكانی مێشك‌و پرۆسەكانی وەك بیركردنەوە و بیرەوەری پەیوەندییەكی پتەویان هەیە بەبری "گلوكۆز"، ئەگەر ڕێژەی گلوكۆز كەم بوو ئەوە گوێزەرەوە دەمارییەكان بەرهەمناهینێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پچرانی نێوان خانە دەمارییەكان، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لاوابوونی بەئاگایی‌و تێكچوونی توانا زانینەكییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەو سوودانەی گلوكۆز، زۆر خواردنیشی زیانبەخشە .

هەندێك لێكۆڵینەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە بەكاربردنی بڕێكی زۆری شەكر دەبێتە هۆی هەوكردنی مێشك‌و كاریگەریدانان لەسەر بیرەوەری، بەڵام ئەم زیانەی بەهۆی هەوكردنەوە دروست دەبێت رەنگە درێژخایەن نەبێت .

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك، كە لەساڵی ٢٠١٧ كراوە، دەڵێت لەدەستچوونی یادەوەری بەهۆی زۆر بەكاربردنی شەكر، دەكرێت لەڕێگای پەیرەوكردنی سیستەمێكی خۆراكیی كە شەكری كەم تێدا بێت خۆی لێبەدوور بگیرێت .

لێكۆڵینەوەكان دەڵێن نەخۆشانی شەكرە لەماوەی دوورمەودادا تووشی لەدەستجوونی بەرەبەرەی مێشكیان دەبن ، كە ئەوە سەردەكێشێ بۆ لاوازی لە فێربوون و یادەوەری و خێرایی جوڵەكردن و گەلێك ئەركی تری پەیوەست بە زانینەوە .

ئەو لێكۆڵینەوانەی دەڵێن پەیوەندی هەیە لەنێوان بەكاربردنی شەكر و تووشبوون بە خەمۆكی ، شیكردنەوەیان بۆ بەكاربردنی خۆراكی و مەزاجی ٢٣ هەزار و ٢٤٥ كەس كردووە ، تێبینیان كردووە كە بەرزبوونەوەی تێكڕای بەكاربردنی شەكر پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی تووشبوون بە خەمۆكی .

شەكر كاریگەری لەسەر  حەوسەڵە (مەزاج)یش هەیە ،بەجۆرێك ئەو گەنجانەی لەحاڵەتێكی تەندرووستی باشدان ، ئەوە بەبەرزبوونەوەی رێژەی گلوكۆز لە خوێنیاندا تونایان لە تێگەیشتن لە هەستەكان و كۆنترۆڵكردنی دەكەوێتە مەترسییەوە .

لێكۆڵینەوەكە بۆی دەركەوتووە كە خواردنی شیرینی لە كۆكاین زیاتر دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون ، لەگەڵ ئەوەی لێكۆلێنەوەكە لەسەر ئاژەڵان كراوە ، بەڵام ئاشكرا بووە كە شیرینی زۆر  لە خواردنەكاندا ئەو دڵخۆشییە تێدەپەڕێنێت كە بەهۆی كۆكاینەوە بەدەستدێت ، تەنانەت لای ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكانیش .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی