بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەى ٢٠٢٠ شاندێکى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات

عیراق

11/09/2019‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لەچەند بریارێکى دەرکردو بریارە شاندێکیش لەبارەى بودجەى ساڵى ٢٠٢٠ وە سەردانى بەغدا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو تیایدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو.

بەپێى راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە ئەنجومەنى وەزیران بڕیار داوە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
هەروەها بڕیاریشدراوه‌، لیژنەکانی (دارایی، نەوت وگاز، یاسایی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیران کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریة)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج لە خۆدەگرێت.

س.هـ