خۆپاراستن لەمەترسی.. سمۆرە رەفتارێكی سیخوڕییانەی سەرنجراكێش دەكات

هەمەڕەنگ

12/09/2019‌ 1248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئەوەی ئاشكرا كردووە، سمۆرە گەورەكان توانای سیخوڕیكردنیان لەسەر ئەو دەنگانە هەیە، كە لە ئاژەڵەكانی نزیكەوە دێت و دەتوانن شی بكەنەوە و بزانن ڕێگای مامەڵەكردن چۆن دەبێت ئەگەر هات و مەترسییەكی بۆهات.

بەگوێرەی پێگەی "سكای نیوز"ی بەریتانی، سمۆرە توانای ئەوەی هەیە جیاوازی بكات لەنێوان ئەو هاوارە جیاوازانەی ئاژەڵەكان دەریدەكەن، بەوەش دەرفەتی ئەوەی دەبێت لەكاتی گونجاودا هەڵسوكەتی گونجاو بكات.

زاناكانی ئەمەریكا دەڵێن: سمۆرە كاتێك گوێی لەدەنگی ئاژەڵێكی دڕندە دەبێت، ئەوە كاتێكی زۆر لەناو حەشارگەكەیدا چاوەرێ دەكات و ئارام دەگرێت تا ئەوكاتەی دێتە دەرەوە.

زاناكان لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریكا چاودێری ٥٠ سمۆرەیان كردووە (٣ خولەك بۆ هەر سمۆرەیەك)، تا بزانن پەرچەكرداری سمۆرەكە چی دەبێت بۆ نموونە كاتێك گوێی لەدەنگی هەڵۆیەك دەبێت، هەروەك تێبینی رەفتاری ئاژەڵەكە كراوە كاتێك كۆمەڵێك باڵندە بە بەردەوامی لەنزیكییەوە دەجریوێنن.

لێكۆڵینەوەكە لە گۆڤاری "Plos One" بڵاوكراوەتەوە بەوە كۆتایی هێناوە، كە رایگەیاندووە، سمۆرە زیاتر دەكەوێتە حاڵەتێكی بەئاگاییەوە كاتێك كارەكە پەیوەندی بە مەترسییەكەوە بێت، كە لە ئاژەڵێكی دڕندەوە بێت.


هەروەها تێبینی ئەوە كراوە،  كە سمۆرە زیاتر ریلاكس و بێخەمە كاتێك دەبینێت باڵندەكانی دەوروبەری لە رەوشێكی سروشتی و ئاساییدان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی