هەوڵی فراوانكردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەعێراق دەدرێت

عیراق

12/09/2019‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

فوڕات نیوز  بڵاویكردەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرایكرد، كە بەم زووانە چەند شاندێكی پلەباڵای ڕوسیا سەردانی عێراق دەكەن.

وەزارەتەكە راشیگەیاند، ئیسماعیل شەفیق موحسنی باڵوێز، لە بەغدا چاوی بە  "ماكسیك ماكسیمۆڤ" ی باڵوێزی ڕوسیای فیدڕاڵی كەوتووە، لەو دیدارەدا نامەی پیرۆزبایی لە باڵوێزی ڕوسیا وەرگرتووە بۆ هەریەك لە بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی و محەمەد عەلی حەكیمی وەزیری دەرەوە، كە لە لایەن فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا و دیمیتری میدڤیدڤی سەرۆك وەزیری ڕوسیا و سێرغی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیاوە ئاراستە كراون‌ بە بۆنەی تێپەڕبوونی 75 ساڵ بەسەر پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی نێوان عێراق و ڕوسیا.
 
لەو چوارچێوەیە، بڕیارە سێرغی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە مانگی تشیرینی داهاتوو سەردای بەغدا بكات بە مەبەستی واژووەكردنی بەدەركردنی هەڵگرانی پاسپۆرتی دبلۆماسی و خزمەتگوزاری بۆ چوونەناو هەردوو وڵات.

ئەلسەباح ئەلجەدید بڵاویكردەوە
فادی شمری سەركردەیەكی ڕەوتی حیكمە، كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات، ڕایگەیاند، ڕەوتەكەیان لە ئێستادا سەرگەرمی دانوستانە لەگەڵ هێزە سیاسی و كۆمەڵگاییەكان بەو مەبەستەی بێنە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.

شمری راشیگەیاند، بەرەكە لەم چەند هەفتەیەدا پرۆگرامەكەی خۆی دەخاتەڕوو، لە ماوەی دوو مانگیشدا، ناوی ئەوانەش ئاشكرادەكات، كە دەبنە ئەندامی حكومەتی سێبەر، ئەو لایەن و كەسایەتییانەش ئاشكرا دەكات، كە بەشداری ئەو بەرەیەن.

هەروەها رایگەیاند، ژمارەی وەزیرەكانی حكومەتی سێبەر دەگەنە 22 وەزیر، كە بە گوێرەی پێودانگی بێلایەنی و پسپۆڕی هەڵدەبژێردرێن.

ناوبراو ئەوەشی ئاماژەی بەوەش كرد، كە هێشتا سەرۆك وەزیری حكومەتی سێبەر قسەی لەبارەوە  نەكراوە.

كەنالیRT بلاویكردەوە
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی: پرسی چاوپێكەوتنی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتەكەی و حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران، پەیوەستە بە خامەنەئی موڕشیدی باڵای ئێرانییەوە.

پۆمپیو لە چاوپێكەوتنێكی لەگەل پێگەی ( ABC) وتیشی: ترامپ بێ هیچ مەرجێكی پیشوەخت، ئامادەباشی خۆی بۆ چاوپێكەوتنی حەسەن ڕۆحانی دەربڕیووە و چەندەها جاریش ئەمەی وتووە.

پۆمپیۆ هەروەها وتیشی: ئێمە ئەزانین چۆن ئەو كارە مەیسەر ئەبێت. ئێمە شەڕ و وندوتیژیمان ناوێت لەگەڵ ئێراندا، كە دەمانەوێت شەڕانگیزی تاران لە هەموو جیهاندا بوەستێنین كە هەڕەشە لە ئیسرائیل  و ئەمریكاش دەكات، ئێمە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا تێدەكۆشین.

غەد پرێس بڵاویكردەوە
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ڕایانگەیاند، نوری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا خەریكی نێوانگیرییەكە لە نێوان فالح فەیازی سەرۆكی حەشدی شەعبی و مەهدی موهەندیسی جێگری، ئەم كارەش بە ڕەزامەندی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدات.

مالیكی هۆشداری ئەوەشی داوە بە عەبدولمەهدی، كە چەند سەركردەیەكی سیاسی دیار جموجۆڵی دوژمنكارانەیان بەرانبەر عێراق دەست پێكردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەكان ئەوەشیان راگەیاندووە، كە مالیكی بە نهێنی ئەو هەوڵانەی دەستپێكردووە، سەركردەكانی حەشدیش لە گروپەكانی عەسائبی ئەهلی هەق ، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا ، نوجەبا‌و، خوراسانی، سەید ئەلشوهەدا‌و، لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەركردنی گرفتی موهەندیس و فەیاز.

گرفتەكانی نێوان ئەو دوو سەركردەیەش كاتێك دروست بوون، كە فالح فەیاز بەیاننامەیەكی دەركرد و تێیدا ڕایگەیاند، بەیاننامەكەی مەهدی موهەندیس گوزارە لە بۆچوونی حەشدی شەعبی ناكات، كە باسی لە دروستكردنی هیزێكی ئاسمانی هاوتای هێزی ئاسمانی عێراقی كردبوو.

پێگەی مەعلومە بڵاویكردۆتەوە
"سەلاح جاسم موحان" ی پەرلەمانتار وا وەسفی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كرد، كە "بێ كەڵكە"، ئەوەشی وت: هەوڵێكی پەرلەمانی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەكە لە وەرزی یاساكاری یەكەمی پەرلەماندا.

ناوبراو وتیشی: ئەنجوومەنكە چەند كەسایەتییەكی گەندەڵی تێدان، كە كار بۆ پەردەپۆشكردنی دۆسییەكانی گەندەڵی دەكەن، تا ئێستا ئەنجوومەنەكە هیچ دۆسییەكی گەندەڵی ئاشكرا نەكردووە، سەرباری ئەوەی چەند مانگە پێكهاتووە و پارەو پۆلیشی بۆ خەرجكراوە.

موحان ئەوەشی وت: عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەرپرسی یەكەمی شكستهێنانی حكومەتە لە ئاشكرانەكردنی دۆسییەكانی گەندەڵی لە لایەن ئەنجوومەنی ناوبراوەوە، سووربوونی پەرلەمانیشی دووپاتكردەووە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە و سپاردنی ئەركەكانی بە دەستەی دەستپاكی عێراقی.

پێگەی سپۆتنیك بڵاویكردەوە
شاژنە ئیلیزابێسی شاژنی بەریتانیا، ڕازی بووە لەسەر دەركردنی یاسایەك بۆ ڕێگریكردن لە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیری وڵاتەكەی، كە بە بێ ڕێككەوتنی پێشوەخت نەتوانێت لە 31 ی ئۆكتۆبەری ئایندە لە یەكێتی ئەوروپا بێتەدەرەوە.

سەرباری ناڕەزایی حكومەت، كەچی لە هەفتەی پێشوودا بە فەرمی شاژن ڕەزامەندی لەسەر ئەو یاسایە دەربڕی، كە پەرلەمان دەریكرد، لە ئەنجوومەنی لۆرداتەوە ڕەزامەندی لەسەر یاساكە درا، كە باڵاترین ئەنجومەنی پەرلەمانی بەریتانیایە.

پێگەی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە
"دان بڕۆلیت" ی جێگری وەزیری وزەی ئەمریكا وتی: وڵاتەكەی هەست بە نیگەرانی دەكات لە كڕینی نەوتی ئێرانی‌ لە لایەن وڵاتی چینەوە.

بڕۆلیت لە پەراوێزی كۆنگرەی وزە لە ئیماڕات وتیشی: ئەوان زۆر نیگەرانن لە كڕینەكانی وڵاتی چین و بە تایبەتیش حكومەتی چین، بەرپرسە ئەمریكییەكان ئەو پرسە لەگەڵ حكومەتی چیندا تاتوێ دەكەن.

ساڵی پار ئەمریكا لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی ساڵی 2015  كشایەوە، دواتریش بە ئامانجی خنكاندنی بازرگانی نەوتی ئێرانی، سزای بەسەر تاراندا سەپاندن.

بەپەلە