جێگرەوەی نییە.. هاوپەیمانی سائیروون گۆڕینی عەبدولمەهدی رەتدەكاتەوە

عیراق

12/09/2019‌ 412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رامی سكێنی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون دەڵێت: لەكاتی لەسەركارلادانی عادل عەبدولمەهدی هیچ جێگرەوەیەك نییە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات دانانی جێگرەوەیەك بۆ عادل عەبدولمەهدی نەخراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ .

سكێنی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی ناكۆكۆی هەیە لەسەر میكانیزم‌و بەرنامەی ئیدارەدانی حكومەت، هەر لە لاوازی و بوونی ئاستەنگ لە جێبەجێكردنی بەرنامە حكومییەكەی، بەڵام لەئێستادا هیچ جێگرەوەیەك بۆ شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لەگۆڕێدا نییە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر میتۆدی كاركردنی عەبدولمەهدی هیچ گفتوگۆیەك  لەسەر دانانی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆك وەزیری ئێستا نەكراوە.

ئەو ئەوەشی روونكردووەتەوە، كە ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران نیگەرانن لە ئاستی لاوازی كاركردنی عادل عەبدولمەهدی  لەئیدارەدانی دامەزراوەكانی حكومەتدا.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی سائیروون پێشبینی كرد، كە لەیەكتێگەیشتنی سیاسی نوێ بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەك، یان سەرۆكوەزیرێكی نوێ درووست ببێت، كە بتوانێت بە میتۆد، یان میكانیزمێكی نوێ كاربكات و لە عادل عەبدولمەهدی كەرەستەی بەهێزتری بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت لەبەردەستدا بێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی