شارپرێس:
پێگەی "دەیلی بیست " لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا و ئیمانوێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا گوستوویەتییەوە، كە ترامپ رایگەیاندووە، لەم دواییە تاڕاددەیەك نەرمی نواندووە لەبەرانبەر بە پلانی سەرۆكی فەرەنسی بە پێشكەشكردنی ١٥ ملیارە دۆلار بە ئێران بەرانبەر بە گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ پابەندبوونی بە رێكەوتننامەی ناوەكی .
بەقسەی دوو لەو سەرچاوانە جگە لە ترامپ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لەوانە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بەهەما شێوە بەرانبەر بەو پلانەی سەرۆكی فەرەنسا نەمیان نواندووە.
لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا هێشتا رەزامەندی لەبەرانبەر بەو پێشنیازە پیشان نەداوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەكان لەماوەی مانگی رابردوودا و لەچەند بۆنەیەكدا ترامپ ئامادەیی هاوكاریكردنی پیشانداوە، لەوانەش لەكاتی كۆبوونەوەكانی گرووپی حەوت دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەكە لە فەرەنسا .
بەگوێرەی سەرچاوەكانی رۆژنامەی "دەیلی بیست"، بەرپرسە بیانییەكان پێشبینیان كردووە، كە ترامپ رەزامەندی لەسەر پێشنیازەكەی سەرۆكی فەرەنسا پیشان بدات ، یان هەندێك لە سزاكانی سەر ئێران سووك بكات .
لەهەمان كاتدا ، "دەیلی بیست " بڵاویكردووەتەوە، كە ترامپ بیر لەوە دەكاتەوە لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لەكۆتایی مانگی سێپتەمبەر بەڕێوە دەچێت، دیدارێك لەگەڵ حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران ساز بكات.
هـ ـ ح