نەتەوەیەکگرتووەکان: تاوانەکانى عەفرین لەژێر سێبەرى تورکیادا دەکرێن

کوردستان

12/09/2019‌ 305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمسیۆنی لێکۆلینی سوریای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ٤٢مین دانیشتنی مافی مرۆڤی کۆنسەی مافی مڕۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ئامادە کردو تیایدا رایگەیاندوەو تیایدا ئاماژەی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە عەفرین کردوە کە لە لایەن سوپاى تورکیاو گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجامى دەدەن و ڕۆژ بە ڕۆژ زیادتر دەبێت.
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەى بەوەشکردوە، دوای داگیرکردنی عەفرین ئەشکەنجە، دەستگیرکردن و دەرکردنی هاوڵاتیە کوردەکان لەسەر زەوی و زارەکانیان لەلایەن گروپە چەتەکانەوە بەردەوامە. چارەنووسی زۆر کەس کە لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵ و ماڵەکانیان ڕفێندراون نادیارە.

بەپێى راپۆرتەکە گروپە چەکدارەکان بۆ ئازادکردنی هاوڵاتیان داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن. ئەوانەی رەخنە لە گروپەکان دەگرن یان پشتگیری لە ئیدارەی پێشووی عەفرین دەکەن، ئەشکەنجە دەدرێن. هەروەها دەستگیرکردنی و دەرکردنی هاوڵاتیان بەردەوامە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، گروپە چەکدارەکان و بنەماڵەکانیان، دەستیان بە سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیە مەدەنیەکاندا گرتووە و ئەو کەسانەی دەگەڕینەوە، ماڵ و موڵکیان ڕادەست ناکرێتەوە. زۆربەی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانەوەی موڵ و موڵکیان، پارەیەکی زۆر بە چەتەکان بدەن. دەست بەسەر دارە زەیتونەکانیان و ماڵەکانیاندا دەگیرێت یان باجیان لێوەردەگیرێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشى خستەڕوو، کە بەرپرسانی تورکیا لەبەرامبەر کردەوەکانی گروپە چەکدارەکان بێدەنگن و ئەو کەسانەی گلەییش دەکەن، فەرامووش دەکرێن. بەرپرسانی تورک هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵی چەکدارەکان نادەن و لەبەرامبەر تاوانەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێدەنگن. ناوەندە ئیداری، دادگا و بەڕێوەبردنەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدایە. دادوەرەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە دادەمەزرێنرێن. کارمەندە کوردەکان لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە و عەرەب لە جێگەیان دادەنرێن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزە داگیرکەرەکان، ڕژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سوریا بهێنرێت.