ئەو كاندیدانەی ئەگەر هەیە شوێنی جۆن بۆڵتۆن بگرنەوە

جیهان

12/09/2019‌ 658 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، ئیدارەكەی هەڵسەنگاندن بۆ دۆسییەی ٥ پاڵێوراو دەكات بۆ ئەوەی یەكێكیان لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی جۆن بۆڵتۆن پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پڕبكاتەوە.

لەكاتێكدا ترەمپ ناوی هیچ كام لەو پاڵێوراوانەی ئاشكرانەكردووە، بەڵام دەزگاكانی راگەیاندن قسە لەسەر ناوی پێنج پاڵێوراو دەكەن، كە زۆرترین چانسیان هەیە ئەو پۆستە وەربگرن .

برایان هۆك 
یەكێكە لە دیارترین بەربژێرەكان بۆ ئەو پۆستە، ئێستا وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكی بۆ كاروباری ئێران كار دەكات.

ڕیكی وادڵ 
وەك یاریدەدەری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كاری كردووە و ساڵی رابردوو كۆشكی سپی جێهێشتووە، زۆریش لە جۆن كێڵی گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپییەوە نزیك بووە.

كیس كیلوگ 
جەنەراڵێكی خانەنشینە و لەسەردەمی جۆرج بووشی كوڕ لەعێراق خزمەتی كردووە، ئێستا وەك راوێژكاری مایك پینسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی كار دەكات.

ستیڤن بیگۆن 
ئێستا پۆستی نێردەی تایبەتی ئەمەریكی بۆ كاروباری كۆریای باكوور بەڕێوە دەبات، میدیاكان دەڵێن ترامپ لەكاتی گفتوگۆكان لەبارەی كۆریای باكوور زۆر بە بیگۆن سەرسام بووە.

دۆگلاس ماكگریگۆر 
عەقیدێكی خانەنشینی سوپایە، ئێستا میوانی بەردوامی بەرنامەی "تاكەر كارلسۆن تونایت"ە، كە لەسەر شاشەی "فۆكس نیوز" پێشكەش دەكریت و ترامپ سەیری دەكات.

دانیاڵ بلیتكا 
وەك بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكان لەئەنجوومەنی نوێنەران كاری كردووە ، پسپۆڕە لە دۆسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست .

تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئین " بەپشتبەستن بە سەرچاوەكان بڵاویكردەوە، كە ئەگەری زۆرە مایك پۆمپیۆ جێگای جۆن بۆڵتۆن پڕبكاتەوە، بەوەش لەیەككاتدا دەبێتە وەزیری دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر جگە لە هێنری كیسنجەر، كە ناسراوە بە رێوی سیسەتی ئەمەریكی هیچ كەسێكی تر لەیەككاتدا ئەو دوو پۆستەی بەیەكەوە بەڕێوە نەبردووە.

ئێستا چارلز كبرمان یاریدەدەری بۆڵتۆن پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوە دەبات تا ئەوكاتەی كەسێكی نوێ بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەكرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی