هەر بەڕێكەوت.. لێكۆڵینەوەیەك ڕێگای راگرتنی پیربوونی ئاشكراكرد

جیهان

13/09/2019‌ 2585 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵێك زانا دەڵێن: لەو  لێكۆلینەوەیەی كردوویانە هەر بەرێكەوت ئەو رێگایەیان ئاشكراكردووە، كە نەك هەر دەبێتە هۆی راگرتنی پیری، بەڵكو كاریگەرییەكانی پێچەوانە دەكاتەوە كەسەكە والێدەكات گەنجتر دیار بێت.

ئەو لێكۆڵینەوەیەی لە ویلایەتی كالیفۆڕنیای ئەمەریكا لەسەر ٩ خۆبەخش كراوە بەئامانجی گەیشتن بەڕێگایەك بۆ گێڕانەوەی شانەكانی رژێنی جاترەیی، كە بریتییە لە كوێرە ڕژێنەكان‌و دەكەوێتە سەر بۆری هەوا لەسەرووی دڵ، كە لە منداڵاندا گەورەیە و لەگەڵ بەتەمەندا چووندا كز و لاواز دەبێت، ئەو ڕژێنەش بەرپرسە لە دەردانی هۆرمۆنی "سیمۆسین" (Thymosin) ، كە بەرگری جەستە درووست دەكات و یارمەتی دروستكردنی خانە لیمفاوییەكان دەدات .

زاناكان بۆ ماوەی دوو ساڵ ٣ دەرمانیان دا بە بەشداربووانی لێكۆڵینەوەكە، كە هۆرمۆنی گەشە و دوو چارەسەری شەكرە بوو، ئەوەش دوای ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشتر كراون‌و دەریخستووە، كە هۆرمۆنی گەشە هانی نوێكردنەوەی خانەكانی ڕژێنە جاترەییەكان دەدات، بەڵام بۆی هەیە ببنە هۆی تووشبوون بەنەخۆشی شەكرە، هەر ئەوەش بووە خۆبەخشەكان دەرمانی شەكرەیان پێدراوە.

دوای لێكۆڵینەوەی ئەنجامەكان، زاناكان تووشی شۆك بوون بەوەی تەمەنی بایۆلۆجی بەشداربووەكان دوو ساڵ و نیو كەمیكردووە، ئەوەش بەهەژماركردنی بە هەژماركردنی تەمەنی خوێن و شانەكان.

ستیڤ هۆرفاس، توێژەر لە زانكۆی كالیفۆڕنیا، كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی لێكۆڵینەوەكە سەرسامی خۆی دەربڕیوە بە ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكەو بەگۆڤاری "نەیچەر"ی رایگەیاندووە، كە پێشبێنیم دەكرد بتوانین كاتژمێری سەروو جینی هێواش بكەینەوە، نەك بەپێچەوانەكردنەوەی.

لێكۆڵەران دەشڵێن: ئەو ئەنجامانەی لێكۆڵینەوەكە گەیشتۆتێ هێشتا سەرەتاییە، بەتایبەت تەنیا لەسەر ٩ كەس تاقیكراوەتەوە، لەهەمان كاتدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە ئەگەر ئەو لێكۆڵینەوانەی دواتر لەسەر هەمان بابەت دەكرێن و هەمان ئەنجام بەدەست بخەن ئەوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ژیانی مرۆڤ و لەسەر چاودێری تەندروستی و پەیوەندی كۆمەڵگە بە پیرییەوە دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی